لیژنه‌ی ئاسایش و ناوخۆی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی: په‌كه‌كه منداڵان چه‌كدار ده‌كات

سلێمانی- KDP.info - سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و ناوخۆی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ده‌ڵێ، كوردستان پێویستی به هێزی میلشیاییی په‌كه‌كه نییه و په‌كه‌كه بازگه‌ی نایاسایی داناوه و گومرگ و سه‌رانه له هاووڵاتییان و كاسبكاران وه‌رده‌گرێت و منداڵان له‌خشته ده‌بات و چه‌كداریان ده‌كات.
به‌رزان حامید، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و ناوخۆی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ئێستا كوردستان له ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی و دامەزراوە ئه‌منییەکانی حكوومه‌تی هه‌رێم پێویستی به هیچ هێزێكی چه‌كدار نییه، ئه‌و هێزه‌ی په‌كه‌كه به ناوی هێزی پاراستنی جه‌وهه‌ریی باشووری كوردستان خۆیان ڕاگه‌یاندووه، ئێمه به جۆرێك له ئاژاوه‌گێڕیی ده‌زانین."
به‌رزان حامید گوتی: "كارنامه‌ی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه کە ته‌واوی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا ڕێك بخرێته‌وه و بوونی هێزی چه‌كدار له ده‌ره‌وه‌ی داموده‌زگای حكوومه‌تی هه‌رێم ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه".
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایشی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی گوتیشی: "چه‌ندین ناوچه‌ی سنووری پارێزگای سلێمانی لەژێر دەستی هێزه چه‌كدارییه‌كانی په‌كه‌كه‌دایە و، باج و سه‌رانه له هاووڵاتییانی سنووره‌كان وه‌رده‌گرێت و بازگه‌ی نایاساییی داناوه و گومرگ وەردەگرێت، بۆیه پێویسته داموده‌زگا ئه‌منییەکانی حكوومه‌تی هه‌رێم ڕێگه له‌و هێزانه بگرن و ڕێگه به كاری نایاسایی له لایه‌ن هیچ هێزێكی چه‌كداره‌وه نه‌درێت".
به‌رزان حامید زیاتر گوتی: "په‌كه‌كه منداڵان له‌خشته ده‌بات و له ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندیی خانه‌واده‌ی منداڵه‌كان چه‌كداریان ده‌كات، چه‌ندین خانه‌واده سكاڵایان كردووه، كه منداڵه‌كانیان له لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه چه‌كدار كراون. بۆیه پێویسته ئه‌و خانه‌وادانه له داموده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لیژنه‌ی ئاسایش و ناوخۆی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی سكاڵا دژی ئه‌و كه‌س و لایه‌نه تۆمار بكه‌ن كه منداڵه‌كانیان له‌خشته بردوون، تاوه‌كو بتوانین به‌دوواداچوونیان بۆ بكه‌ین. بەپێی ئه‌و زانیاریانه‌ی لامانه، منداڵانی خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵ چه‌كدار ده‌كرێن".
عه‌زیز هه‌ورامی




