پەرلەمانی كوردستان، پەیوەندییەكانی لەگەڵ پەرلەمانی وڵاتان فراوان دەكات

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی پەیوەندیی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەهێزتر بكرێت و لەوێشەوە هەنگاو بۆ پەیوەندیی راستەوخۆ بنرێت لەگەڵ پەرلەمانی وڵاتانی جیهان و ناوچەكەش.
د. رێبوار بابكەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لەسەر داوای (سەلیم جبووری) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە ماوەی رابردوودا بەشداریمان لە كۆنفڕانسێكی (هەرێمی - عێراقی) كرد، كە بریتی بوو لە كۆبوونەوەی سەرۆك پەرلەمانانی وڵاتانی دراوسێ لە عێراق، ئامادەبوونی ئێمە لەو كۆنفڕانسەدا بە فەرمی، گرنگ بوو و یەكەم جاربوو بە ڕەسمی پەرلەمانی كوردستان سەردانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بكات، لە پەراوێزی لوتكەشدا بە باشمان زانی گفتوگۆ لەگەڵ پەرلەمانی وڵاتانی دراوسێ بكەین، وەك ئوردن، توركیا، ئێران و دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق".
بابكەیی گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ (محەممەد حەلبووسی)ـیش دانیشتین لەوێ و مافەكانی خۆمان لە رووی دیپلۆماسییەوە خستە روو، بەوەی وەك پەرلەمانی وڵاتانی دونیا مافی ئەوەمان هەیە كە دیپلۆماسییەن كاری خۆمان بكەین و هەماهەنگی دروست بكرێ لە نێوان لیژنەكان بۆ دروستكردنی پەیوەندیی تەشریعی لە نێوان هەردوو پەرلەمان، ئەوانیش خۆشحاڵ بوون و پشتیوانیی ئەو داوایەی ئێمەیان كرد".
سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەشی دا: "ئێستا هەوڵێك هەیە كە لە دوای پشووی هاوینە پەیوەندیی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەهێزتر بكرێت و لە ئاستی لیژنەكاندا پەیوەندیی بەردەوام هەبێت، بە تایبەت لێگەیشتن لەسەر گرفتەكانی بودجە و پێشمەرگە و ماددەی 140 رەنگە ئەمەش هۆكار بێت بۆ ئەوەی بمانەوێت پەیوەندی لەگەڵ پەرلەمانی وڵاتانی جیهان دروست بكەین و بۆ داهاتووش گرنگە، چونكە كوردستان چاوی لە پێشكەوتنی زیاترە".
دەشڵێ: "ئێمە ئامادەین لەو بارەیەوە هەنگاوی جیددی بنێین تا پەیوەندییەكان بەهێزتر بكرێن و پەرلەمان بكەوێتە سەر سكەی راست و دروستی خۆی سەبارەت بە پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا".
كارزان ههورامی




