یاساناسێك: كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژی دروستكردنی هێزی چەكدارە

هەولێر-KDP.info- یاساناسێك، نیگەرانە لە دروستكردنی هێزی چەكداریی پەكەكە لە سنووری باشووری كوردستان و پێی وایە، ئەگەر ئەمە سنوورێكی بۆ دیاری نەكرێت، مەترسییە و لە ڕووی یاساییشەوە ڕێگەپێدراو نییە.
لەبارەی دروستكردنی هێزێكی دەمامكدارەوە لە لایەن پەكەكەوە لە سنووری باشووری كوردستان، سیروان كاكەیی، پەرلەمانتاری پیشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و یاساناس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم بابەتە دەبێ لە دوو ڕوانگەوە سەیری بكەین، هەم لە ڕووی یاسایییەوە و هەم لە ڕووی سیاسییەوە، ئەگەر لە ڕووە یاسایییەكەوە سەیری بكەین، هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستووریی ددانپێدانراوە لە لایەن دەستووری عێراقەوە، بە هەموو دامەزراوەكانی پەرلەمان و حكوومەت و بە هێزی ناوخۆ و ئەو دەسەڵاتانەی هەیەتی لە سنووری جوگرافیی هەرێمی كوردستان، ئەمە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لێی بەرپرسیارە، بۆیە پاراستنی كوردستان لە ئەستۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگا پەیوەندارەكانی كوردستانە و لە دەرەوەی یاساش هیچ هێزێك بۆی نییە، كە هەبێت، چونكە سوپا، هێزی ناوخۆ، پۆلیس و ئاسایش و ئەمانە پێكهاتەی فەرمین و لە دەرەوەی ئەوانە هەر هێزێك مەترسیدارە، بە تایبەت هێزی حزبی و هێزەكەش لە سنووری كوردستان بە یاسا نابێت چالاكی بكات و كوردستان بەكار بهێنێت بۆ دژایەتیی دەوڵەتانی دەوروبەر."
سیروان كاكەیی گوتیشی: "لە ڕووی سیاسییەوە، هەر هێزێك دروست بكرێت لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەكان، مەرامی سیاسیی لە پشتە، ئەم مەرامە سیاسییەش ئەجێندای لە پشتە بۆ جێبەجێكردنی مەرامی دەرەكی، ئەوەش ناكرێت قبووڵ بكرێت و نابێت ڕێگەپێدراو بێت لە كوردستانەوە هێزێكی سیاسی، پاشكۆی سەربازی بكاتەوە و كوردستان بكاتە قەڵغانی مانەوەی خۆی, ئەوە ڕێگەپێدراو نییە و ناكرێ چالاكیی هەبێت".
سیروان كاكەیی ئەوەیشی خستە ڕوو: "ئەركی بەغداشە ئەم پرسە چارەسەر بكات، چونكە بەپێی دەستوور، ئەگەر خاكی عێراق سەروەریی هەبێت، بۆچی بۆ داهاتی كوردستان بەغدا داوا دەكات، بەڵام بۆ سنوورەكانی، بێدەنگە؟ چونكە هەر پرسی قەندیل نییە، شنگال و ناوچەكانی دیكەش وێرانن و پڕن لە هێزی چەكدار و بەغداش بێدەنگە، ناكرێت هێزێك خاكی كوردستان ببەزێنێت و ئایدۆلۆژیای دەرەوە بەسەر خەڵكدا بسەپێنێت، بەداخەوە ئەم سیاسەتەی لە شنگال و كەركووك و ناوچەكانی دیكە پەیڕەو دەكرێت، سەپاندنی ئایدۆلۆژیای دەرەوەیە بەسەر خەڵكی كوردستاندا".
كارزان هەورامی




