پسپۆڕێك: بڕیارەكەی ئۆپێك سوودێكی باشی بۆ ھەرێمی كوردستان دەبێت

ھەولێر-KDP.info- پسپۆڕێكى بوارى نهوت و وزه گوتی: ئەو بڕیارەی رێكخراوی ئۆپێك بۆ درێژكردنەوەی وادەی كەمكردنەوەی نەوت لە بازاڕەكانی جیھان داویەتی، بڕیارێكی مێژووییە و توانی جارێكی دیكە ئەو وڵاتانە لە قەیرانی دارایی رزگار بكات، كە داھاتیان لەسەر نەوتە.
د. بێوار خنسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "درێژكردنەوەی وادەی كەمكردنەوەی نەوت لە بازاڕەكانی جیھان بۆ نۆ مانگی دیكە لەلایەن رێكخراوی ئۆپێكەوە، بڕیارێكی زۆر ئەرێنی و مێژووییە، چونكە ئەمە بۆ ھێمنیی بازاڕی نەوتە لە جیھاندا، بۆیە ئەمە باشترین بڕیارە، لەبەر ئەوەی ئۆپێك خۆی بە تەنھا ملیۆنێك و ٢٠٠ هەزار بەرمیلی كەم كردووە و ئەوانەی دەرەوەی ئۆپێكیش ٦٠٠ هەزار بەرمیلیان كەم كردووە، ئەمەش لە پێناوی دروستكردنی ھاوسەنگی لە بازاڕدا، لەبەر ئەوەی نەوتێكی زۆر دەچووە بازاڕ و ببووە ھۆی ئەوەی نرخی نەوت دابەزێت، بەڵام كەمكردنەوەكە وای كرد نرخی نەوت جارێكی دیكە بەرز ببێتەوە و لە ئاستێكی باشدا جێگیر بێت".
خنسی گوتیشی: "ئەگەر ئۆپێك وادەكەی درێژ نەكردبایەوە، جارێكی دیكە ئەو وڵاتانەی زۆرینەی داھاتیان وەكو عێراق لەسەر نەوتە، تووشی زیانێكی زۆر دەبوون و جارێكی دیكە قەیرانی دارایی دروست دەبوو، بەڵام رێكخراوی ئۆپێك بەم بڕیارە مێژووییە توانی ئەو وڵاتانە رزگار بكات لە قەیرانی دارایی، ئێستاش نەوت لە بازاڕ بە ٦٧ دۆلارە و بەو بڕیارەش نرخی نەوت زیاتر بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر بڕیاری كەمكردنەوەكەی درێژ نەكردبایەوە، نرخی نەوت تا ٣٥ دۆلار دادەبەزی".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، بۆ ھەرێمی كوردستان ئەو بڕیارە سوودێكی زۆری ھەیە، چونكە ھاوشێوەی وڵاتانی دیكە، ھەرێمی كوردستانیش داھاتی زۆرینەی لەسەر نەوتە، بۆیە سوودێكی باشی بۆ ھەرێمی كوردستان دەبێت و دەبێتە ھۆی ئەوەی داھاتی ھەرێمی كوردستان بەردەوام لە زیادبووندا بێت".
بڵند ئیبراھیم




