د. ئارام: ھەرێم و بەغدا لەبارەی پرسی نەوتەوە گەیشتوونەتە رێككەوتن

هەولێر-KDP.info- بڕیارە رۆژانی داھاتوو شاندێكی بەغدا لەبارەی چارەكردنی پرسی نەوت و غاز سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات، ئەندامێكی كوردی لیژنەی نەوت و غازیش دەڵێ، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و ھەر سێ سەرۆكایەتیی عێراق گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ چارەكردنی پرسی نەوت.
دكتۆر ئارام باڵەتەیی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئهنجومهنى نوێنهرانى عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دانوستانەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا لەبارەی چارەكردنی پرسی نەوت و غاز بەردەوامییان ھەیە و لە سەردانی پێشووی سەرۆكی ھەرێمی كوردستاندا بۆ بەغدا، داوای كردبوو شاندێكی بەغدا سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتن ھەبێت لەسەر دۆسیەی نەوت و غاز، تا وردەكارییان لابێت، لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە شاندێك لە ئەندامانی لیژنەی نەوت و غاز لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵ پێكەوە لیژنەیەك پێك بێنن و سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن".
ئەندامەكەی لیژنەی نەوت و غاز دەشڵێت: "لیژنەكەی بەغدا راپۆرتێك لەبارەی كەرتی نەوت لە ھەرێمی كوردستان ئامادە دەكات، چونكە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی رۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت وەك ئەوەی لە یاسای بودجەی ئەمساڵدا ھاتووە، رادەستی بەغدا بكات".
باڵەتەیی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ھەندێ كێشەی تەكنیكی و یاسایی ھەن لە دۆسیەی رادەستكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستاندا، بۆیە كار بۆ ئەوە دەكرێت ئەو كێشانە چارە بكرێن و ھەرێمی كوردستانیش ھاوكار دەبێت لە چارەسەركردنی پرسی نەوت لەگەڵ حكووكەتی فیدڕاڵ".
دكتۆر ئارام باڵەتەیی، زانیاریی نوێی لەبارەی رادەستكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستانەوە ئاشكرا كرد و گوتی: "بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩، پێویستە رۆژانە ھەرێمی كوردستان ٢٥٠ ھەزار بەرمیل رادەستی كۆمپانیا سۆمۆ بكات، بەڵام مەرج نییە بۆ ساڵی ئایندە ٢٠٢٠ ئەو ژمارەیە جێگیر بكرێت و پێشبینی دەكرێت گۆڕانكاری لە رادەستكردنی نەوتدا بكرێت، رێككەوتنێكی سەرەتایی لە نێوان سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و ھەر سێ سەرۆكایەتیی عێراقدا ھەیە بۆ چارەكردنی كێشەی نەوت و غاز بە شێوەیەكی یەكجاری، چونكە چەندین ساڵە بە ھەڵواسراوی ماوەتەوە".
قائید میرۆ




