تاڵەبانی: قبووڵم بكردایە تووشی ئەو كێشانە نەدەهاتم.. كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارە نایاساییەكان دهكهم

هەولێر-KDP.info- دادگای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری ئەستۆپاكیی ڕێبوار تاڵەبانی دەركرد، ناوبراویش رایدەگەیەنێت، كە بە هۆی ریفراندۆم و ئاڵای كوردستان و قبووڵنەكردنی بارودۆخی دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر بووە، هاوكات لە داهاتوویشدا كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو كارە نایاساییانە دەكات، كە لە پارێزگاكەدا ئەنجام دراون.
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، لە چەند مانگی رابردوودا كاری نایاسایی لە شاری كەركووك كراوە و لەسەر ئەوەش سكاڵای لای داواكاری گشتی تۆمار كردووە و چاوەڕێی ئەنجامەكەیەتی.
ناوبراو هۆكاری بەدادگادانیشی، بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە پارێزگای كەركووك و داكۆكیكردن لە مافەكانی خەڵكی شارەكە لە لایەك، لە لایەكی دیكەیش قبووڵنەكردنی بارودۆخی دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر گێڕایەوە، گوتیشی: "ئەگەر بمگوتبایە ئەو بارودۆخەی لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر بەسەر كەركووكدا هاتووە، یاساییە و لە كەركووك بمابامایەوە و وەكو خەڵكی دیكە ئەو بارودۆخەم قبووڵ بكردایە، تووشی ئەو كێشانە نەدەهاتم، سوپاس بۆ خودا توانیم بەسەر ئەو كێشانە سەربكەوم".
تاڵەبانی جەختیشی لەوە كردەوە، كە هەر لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەریشەوە هەوڵی یەكڕیزیی نێوماڵی كورد و لیستی برایەتی داوە، كە كۆبوونەوە ئەنجام بدرێت، سەبارەت بەو كارە نایاساییانەی لە رابردووشدا ئەنجام دراون، دەڵێ، كە ئەركی ئەنجوومەنە كۆببێتەوە و سەرجەمی كارە نایاساییەكان بە فەرمی هەڵوەشێنێتەوە، هەربۆیەشە چاوەڕێی ئەنجامدانی كۆبووەنەوەی ئەنجوومەنەكەیە، هەتا كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم كارە نایاساییەكان بكات.
دادگای كەتنی رەسافەی تایبەتمەند بۆ دۆسییەكانی دەستپاكی و سپیكردنەوەی دراو، تەواوی تۆمەت و فەرمانەكانی دەستگیركردنی رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكی هەڵوەشاندەوە، كە پێشتر لەلایەن دادگای كەتنی كەركووكەوە لە دژی دەركرابوو.
خێڵان بەختیار




