بەرپرسی یونامی و هۆشیار سیوەیلی پرسگەلێكیان تاووتوێ كرد

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی یونامی لە هەرێمی كوردستان، سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و لە دیدارێكدا چەند پرسێك خرانە بەرباسەوە.
هۆشیار سیوەلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ڕیكاردۆ ڕۆدرگیز، بەرپرسی نووسینگەی نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارێكدا، سیوەیلی باسی لە دواپێشهاتەكان بۆ شاندی میوان كرد، بە تایبەتی دیداری بەڕێز سەرۆكی هەرێم لەگەڵ شاندی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەگرتووەكان، كە بە سەردانێك هاتبوونە عێراق و ئامانج لەو سەردانەش لە نزیكەوە ئاگاداربوون و زانینی هەڵوێست و بۆجونی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم بوو بۆ چارەسەری كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانیان.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ڕایگەیاند: "ئێمە جەخت لەسەر جێبەجێكردنی دەستوور دەكەینەوە و بۆ چارەسەری كێشەكان، ئەمەش باشترین بژاردەیە و پێویستە حكوومەتی ناوەند و گۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانی لەم بۆچوونە بكەن".
گوتیشی: "بەڕێز عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی ئیستای عێراق، هاوڕایە لەوەی كە دەبێت دەستوور بناغەی چارەسەری كێشە هەڵواسراوەكان بێت، ئەمەش یەكەم جارە لە پازدە ساڵی ڕابردوودا كە سەرۆكوەزیرانی عێراق بەم شێوەیە هەوڵی چارەسەری كێشەكان بدات، بۆ ئەمەش ئێمە هەموو پشتیوانییەكی دەكەین".
سیوەیلی، بە شاندی میوانی ڕاگەیاند كە بارودۆخی نێوخۆی هەرێمی كوردستان بەرەو باشتر دەڕوات و "لەو باوەڕەداین لە ماوەی یاساییدا سەرۆكوەزیران دەستنیشان بكرێت و دەتوانێت كابینەی پێك بهێنێت، ئەمەش كاریگەری لەسەر چارەسەركردنی گرفتەكانی دیكەی نێوخۆی هەرێم دەبێت".
دەربارەی سەردانی بەڕێز سەرۆكی هەرێم بو بەغدا و پاشان توركیا، هۆشیار سیوەیلی گوتی، سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ هەروو پایتەخت، مەبەست لێی چارەسەری گرفت و كێشە هەڵواسراوەكان و هەروەها بەهێزكردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانە.
بەڕێز ڕیكاردۆ ڕۆدرگیز، سوپاسی ئەو دەرفەتەی كرد و خۆشحاڵیی خۆیانی دەربڕی بە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان و بەرەوپێشەوەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ.
بەڕێزیان ئامادەیی خۆیانی دەربڕی بۆ هەموو هاوكارییەك، كە لە چوارچێوەی ئەو كارانەدا بێت كە پێیان سپێردراوە و ڕێگەپێدراوە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە.




