كەریم لەتیف: ماوەی سكاڵا درێژ ناكرێتەوە.. قوتابیان دڵنیا دەكەینەوە مافەكانیان بۆ دەگەڕێتەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەزموونەكان لە وەزارەتی پەروەردە گوتی، ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ ئەوەی قوتابیان سكاڵا لە دژی ئەنجامی ئەزموونەكانی كۆتایی ساڵ تۆمار بكەن و دوای ئەمڕۆ مافی تۆماركردنی سكاڵایان نابێت.
كەریم لەتیف، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ دوایین رۆژە بۆ ئەوەی قوتابیان ھەر سكاڵایەكیان ھەیە لە ئەنجامی كۆتایی ئەزموونەكان، تۆماری بكەن و تا كۆتایی دەوامیش دەتوانن سكاڵا پێشكەش بكەن و دواتر مافیان نامێنێت، چونكە ماوەی چەند رۆژێكە وادەی كۆتایی دانراوە و ئیتر ناتوانرێ ماوەكە درێژ بكرێتەوە".
لەتیف گوتیشی: "لەبەر ئەوەی ھێشتا پڕۆسەكە بەردەوامە، نازانین چەند قوتابی سكاڵای تۆمار كردووە و ئەمڕۆ پاش دەوام و دوای ئەوەی تەماشای فۆڕمەكان دەكرێت، ژمارەی سكاڵاكان دیار دەبێت".
ناوبراو دەشڵێ: "قوتابیانی خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە فۆڕم بە فۆڕم و ماددە بە ماددە تەماشای سكاڵاكان دەكەین و ئەوە راست نییە كە باس لەوە دەكرێت تەماشا ناكرێن و فۆڕمەكان پشتگوێ دەخرێن، ھەر كەسێكیش مافی خورابێت، مافەكەی بۆ دەگەڕێتەوە و ھەر گۆڕانكارییەك ھەبێت وەكوو خۆی بۆی جێبەجێ دەكرێت و زۆر بایەخیش بەو پرسە دەدەین، بۆ ئەوەی قوتابیان ھیچ گلەییەكیان نەبێت".
بڵند ئیبراھیم




