ماڵپهڕی KDP: وردهكاری فرۆشتنی تابلۆی ئۆتۆمبێلهكانی پارێزگای هەڵەبجە بڵاودهكاتهوه

هەڵەبجە-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دروستكردن و فرۆشتنی تابلۆی ئۆتۆمبێلی بە ناوی پارێزگای هەڵەبجە لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران داوە، جێگری پارێزگاری هەڵەبجەش دەڵێ، لە موزایەدەی ئاشكرادا تابلۆی ئۆتۆمبێلی هەڵەبجە دەفرۆشرێت.
كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، كە لە چوار خاڵ پێك هاتووە، ئاماژە بە نووسراوی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە 2998 تایبەت بە فرۆشتنی تابلۆی ئۆتۆمبێلی پارێزگای هەڵەبجە كراوە و دەسەڵاتی داوە بە وەزارەتی ناوخۆ كە بە شێوەی موزایەدە بفرۆشرێن".
كاوە عەلی گوتیشی: "لیژنەیەك لە نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی گەنجێنەی هەڵەبجە، بە سەرۆكایەتیی پارێزگاری هەڵەبجە و بە چاودێریی داواكاری گشتی دروست كراوە و، دەست دەكرێت بە فرۆشتنی تابلۆی ئۆتۆمبیلی هەڵەبجە بە شێوەی موزایەدەی ئاشكرا، داهاتەكەشی لە 80% بۆ پۆڕۆژەكانی هەڵەبجە دەبێت و لە 20% بۆ پەرەپێدانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە خەرج دەكرێتەوە".
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، زیاتر دەڵێ: "هیچ ژمارەیەكی ئۆتۆمبێل بە خۆڕایی بە كەس نادرێت، بەڵكوو تەواوی ژمارەكان دەخرێتە موزایەدەی ئاشكراوە و دەفرۆشرێن".
ڕۆژی (13-3-2014) لەلایەن سەرۆكی ئەوكاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) واژۆ لەسەر بەپارێزگابوونی شارەكە كرا، لە (2-5-2015) لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە و لە هۆڵی مۆنەمێنتی شارەكە، پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پەسەند كرا، پاشان سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان (سەرۆك مەسعوود بارزانی)، مەڕسوومی سەرۆكایەتیی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی واژۆ كرد.
عەمید حەسەن عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی پارێزگای ھەڵەبجە، لای خۆیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تەواوی هاووڵاتیانی كوردستان و عێراق دەتوانن لە موزایەدەی فرۆشتنی ژمارەی تابلۆی ئۆتۆبێلی هەڵەبجە بەشدار بن و هەركەس ئەو نرخەی بۆ هەر ژمارەیەك دیاری دەكراوە یان زیاتری دا، بەو دەفرۆشرێت".

ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش كرد: "ژمارە (1) تا ژمارە (1000)ـی (ژمارەی تایبەت) نرخیان لەسەر دیاری كراوە، كە ژمارە (1) لە ملیارێك دینار بەرەو سەرەوە دەست پێدەكات، ژمارە (2) بۆ ژمارە (9) هەر ژمارەی شەشسەد ملیۆن دینارە، لە ژمارە (10) بۆ ژمارە (99) هەر ژمارەی سێسەد ملیۆن دینارە، هەروەها لە ژمارە (99) بۆ ژمارە(999) هەر ژمارەی دووسەد ملیۆنە دینارە، لە ژمارە (1000) بەرەو سەرەوە لە ڕێگەی لیژنەیەكی تری تایبەت ژمارە نایابەكان جیا دەكرێنەوە و نرخیان بۆ دیاری دەكرێت".
لەبارەی ناڕەزایی لە بوونی ژمارە 1988 لە ژمارەی ئۆتۆمبێلی هەڵەبجەدا، بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەڵەبجە دەڵێ: "پێشنیاز كراوە، ئەو ژمارەیە لە پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل بە ناوی هەڵەبجەوە دەربهێندرێت، كە ڕۆژی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەیە".
عهزیز ههورامی




