سەركردەیەكی كورد: بەپێی پلانی وڵاتانی زلھێز ئەمساڵ ناوچەی ئارام دروست دەبێت

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- سەركردەیەكی كورد لە رۆژئاوای كوردستان پێی وایە، فەڕەنسا چارەسەری پێیە بۆ رەوشی سووریا و لە داھاتوودا بەرھەمەكەی دەبیندرێت. دەشڵێ، بەپێی پلانی وڵاتانی زلھێز، ئەمساڵ ناوچەی ئارام دروست دەبێت لە سووریا و پێشمەرگەی رۆژئاواش رۆڵی سەرەكییان لە پاراستنی ناوچەی ئارامدا پێی دەسپێردرێت.
عەبدولڕەحمان ئاپۆ، سەركردە لە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد ئەنەكەسە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دروستكردنی ناوچەی ئارام لە سووریا نزیك بووەتەوە، بەڵام كاتەكە دیار نییە كەی دەبێت، كە لەسەر پێشنیازی فەڕەنسا و بە رەزامەندیی ئەمەریكا ناوچەی ئارام دیاری دەكرێت، ئەو ھێزانەش كە دەتوانن لەسەر زەوی كۆنتڕۆڵی رەوشەكە بكەن، ھێزی كوردین، بە تایبەتی ھێزەكانی پێشمەرگەی رۆژئاوای كوردستان ناسراو بە لەشكری رۆژ".
ئەو سەركردەیەی ئەنەكەسە دەڵێت: "ئێمە ھەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەو پێشنیازەی دروستكردنی ناوچەی ئارام بووینە لە سووریا، لەگەڵ ئەوەشدا خوازیارین ھەموو رۆژئاوای كوردستان بخرێتە چوارچێوەی ئەو ناوچە ئارامە لە دێرك و شەدادەوە تا دەگاتەوە ناوچەی عەفرین، ئەمە داوای ئێمەیە و پێشتریش خستوومانەتە بەردەم وڵاتانی زلھێز".
لەبارەی رۆڵ و كاریگەریی فەڕەنسا بۆ چارەسەركردنی رەوشی سووریا، عەبدولڕەحمان ئاپۆ روونی كردەوە: "فەڕەنسا وڵاتێكی زلھێزی جیھانە و سەد ساڵ دەبێت فەڕەنسا رۆڵی ھەیە لە چارەسەركردنی كێشەكانی سووریادا، ئێمەیش ئەو رۆڵەی فەڕەنسا بەرز دەنرخێنین و بە ڕاستیش لە ئێستادا فەڕەنسا رۆڵێكی بەرچاوی ھەیە لە سووریا".
ئاپۆ گوتیشی: "ئێمە لەو باوەڕەداین پاریس چارەسەری راستەقینەی بۆ كێشەی گەلانی سووریا لایە، ئەگەر ئەمڕۆش بەرھەمەكەی دیار نەبێت، ئەوا بێگومان لە داھاتوودا دەیبینین".
قائید میرۆ




