د. ئارام: ئەستەمە كەسێكی دیكە بتوانێت وەکو عادل عەبدولمەهدی باڵانس ڕابگرێت

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئهنجومهنى نوێنهرانى عێراق رایدەگەیەنێت، پارتی پشتیوانی لە مانەوەی عادل عەبدولمەهدی دەكات وەكو سەرۆكوەزیرانی عێراق، چونكە لە ئێستادا ئەستەمە كەسێكی دیكە بتوانێت ئەو هاوسەنگییە ڕابگرێت.
د. ئارام ناجی باڵەتەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە نێو كوتلە سیاسییەكانی عێراقدا هەوڵێك هەیە بۆ دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی بە بیانووی جیاجیا، بەڵام فراكسیۆنی پارتی پشتگیریی تەواو لە مانەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكات، چونكە پێمان وایە ناوبراو بە باشی لە رەوشی عێراق تێدەگات و دەزانێت گرفتی ئەو وڵاتە چییە، لەناو زۆربەی سیاسییەكانی عێراقیشدا تاكە كەسە لە چەمكی فیدڕاڵی بە تەواوی تێدەگات".
باڵەتەیی گوتیشی: "لە كابینەی ئێستادا بە سەرۆكایەتیی عەبدولمەهدی، گرفت و كێشەكان بچووكتر بوونەتەوە، چونكە ناوبراو بڕوای بە دابەشكردنی دەسەڵات هەیە و دژی مەركەزییەتە و پێچەوانەی شۆڤێنییەكانە، هەروەها لایەنە شیعییەكانیش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی لەو قۆناغەدا ناتوانن لەسەر كاندیدێك بۆ جێگرتنەوەی سەرۆكوەزیران رێك بكەون".
ناوبراو روونیشی كردەوە: "بە هۆی ململانێ و ناكۆكیی نێوان ئەمەریكا و ئێرانەوە، ئێستا ناوچەكە بە قۆناغێكی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت، بۆیە ئەستەمە كەسێكی دیكە بتوانێت ئەو باڵانسە ڕابگرێت و نەبێتە لایەنگری هیچ كامیان".
هۆزان سەمەد




