لیستی برایەتی: ههنگاوهكان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دڵخۆشكەرن

كەركووك-KDP.info- هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، لیژنەیان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك پێك هێناوە، سەرۆكی لیستی برایەتییش لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەو شارە دەڵێ، دەرئەنجامی گفتوگۆكان بۆ كەركووكییەكان دڵخۆشكەر دەبن.
محەممەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كۆبوونەوە و گفتوگۆ لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق سەبارەت بە چۆنیەتیی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك بەردەوامن و لێكتێگەیشتنی باش هەیە".
ناوبراو گوتیشی:"بە ئامادەبوونی لایەنی سێییەم كە (UN)ـە، لیژنەكانی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق لە گفتوگۆ بەردەوامن، بۆیە هیوامان وایە زوو بگەنە ڕێككەوتن و كۆتایی بە نەهامەتیی هاووڵاتیانی كەركووك بهێندرێت، كە لە دۆخێكی خراپدان".
كەمال ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "تەوەری گفتوگۆكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق ئەوەیە كە، دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و كۆی ئەو هێزە سەربازییەی لەو شارەیە، بڕواتە دەرەوە، هەروەها ئەو ماڵانەی داگیر كراون، بدرێنەوە بە خاوەنەكانیان و قەرەبوو بكرێنەوە، جگە لەوەش، بارەگاكانی پارتی چۆڵ بكرێن و ئەنجوومەنی پارێزگا دەست بە كارەكانی خۆی بكاتەوە و پارێزگارێك بۆ شارەكە دابنرێت، كە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت".
ئەو هەروەها ڕەتی كردەوە كە هیچ بڕیارێك هەبێت ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە بەغدا كۆ ببێتەوە و دەشڵێ: "ئەو هەواڵانە ڕاست نین كە باس لەوە دەكەن گوایە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لە بەغدا كۆ دەبێتەوە".
سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، روونیشی كردەوە: "ئێمە داوامان كردووە پارێزگارێك بۆ شارەكە دابندرێت، كە جێگەی ڕەزامەندیی كورد و عەرەب و توركمان و تەواوی پێكهاتە و ئایینەكان بێت".
عەزیز هەورامی




