وەزارەتی پەروەردە: تا دووشەممەی داهاتوو سكاڵای قوتابیان وەردەگرین

هەولێر-KDP.info- دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی تاقیكردنەوەكانی ئەمساڵ، ژمارەیەك قوتابی ناڕازین لە ئەنجامەكانیان و بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكانیش دەڵێ، ھەر قوتابییەك سكاڵا تۆمار بكات، لەلایەن لیژنەی پسپۆڕەوە پێداچوونەوە بە دەفتەری وەڵامەكانیدا دەكرێت.
كەریم لەتیف، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكان لە وەزارەتی پەروەردە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە رۆژی دووشەممەوە دەست بە وەرگرتنی سكاڵای قوتابیانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی و ٩ی بنەڕەتی كراوە و ھەر قوتابییەك گلەیی لە نمرەكەی ھەیە و پێی وایە نمرەی زیاتری ھێناوە، دەتوانێت لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەكانەوە سكاڵا تۆمار بكات، چونكە ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەكان سوورین لەسەر ئەوەی نابێت مافی تەنیا یەك قوتابیش بفەوتێت و بەرپرسیارین بەرامبەر ھەر كێشەیەك ئەگەر رووی دابێت".
بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكان گوتیشی: "تا رۆژی دووشەممەی داهاتوو سكاڵای قوتابیان وەردەگرین و دواتر لە لایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە پێداچوونەوە بۆ سكاڵاكان دەكرێت و قوتابیان و كەسوكاریان دڵنیا دەكەینەوە ھەر قوتابییەك سكاڵای ھەبێت، پێداچوونەوە بە دەفتەری وەڵامی تاقیكردنەوەكانیدا دەكرێت".
پەیوەست بەوەی ئەمساڵ رێژەی دەرچوون زۆر بەرز بووەتەوە بەراورد بە ساڵی رابردوو، كەریم لەتیف ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "دوو ھۆكار ھەن بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی دەرچوونی قوتابیانی ئەمساڵ، یەكەم، ئەمساڵ بایكۆت نەبووە لە قوتابخانەكان، كە ئەمە كاریگەریی زۆری ھەبووە لەسەر دەرچوونی قوتابیان، ھۆكاری دووەمیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە قوتابیان بەشداریی كارایان ھەبووە و خۆیان نەھێشتووەتەوە بۆ خولی دووەمی تاقیكردنەوەكان".
قائید میرۆ




