شەقامی ١٥٠مەتری کەمتر لەو ماوەی بۆی دیاری کراوە تەواو دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- سەرپەرشتیاری درووستکردنی شەقامی ١٥٠مەتری شاری ھەولێر دەڵێ، درووستکردنی شەقامی ١٥٠مەتری، کارەکانی بەشێوەیەکی خێرا بەڕێوەدەچن و کەمتر لەوادەی دیاریکراو تەواو دەبێت، هاوکات جۆرە پردێکی لێ درووست دەکرێت، کە لەسەر ئاستی عێراق لەو جۆرە تا ئێستا نەبووە.
سەرتیپ قادر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کارکردن لە شەقامی ١٥٠مەتری بەردەوامی ھەیە و کاری زۆر باشیان کردووە، لە ئێستا رێگای بەحرکە تا دەگاتە رێگای شەقڵاوە و لەوێش تا دەگاتە رێگای کۆیە کارکردن لێی بەردەوامە، ھەندێک بەربەستمان ھەبوو ئەوانیش چارەسەربوون و کێشەمان نییە، بۆیە کەمتر لەو ماوەی بۆی دیاری کراوە، کە ھەزار و٢٥٠ رۆژە تەواو دەکرێت".
سەرپەرشتیاری درووستکردنی شەقامی ١٥٠مەتری هەولێر گوتیشی: "لە ئێستادا کاری خۆڵکاری و ئۆڤەر پاس و ئاوەڕۆ دەکرێت، بۆیە کارەکان زۆر باش بەڕێوەدەچن".
قادر باسی لەوەشکرد، بەرزە پردێک لەسەر رێگای مەسیف بۆ شەقامی ١٥٠مەتری درووست دەکرێت، کە پێی دەگوترێت ئاراستەگۆڕی ئەنتەر کینگ، کە گەورەترین بەرزە پردە لەسەر ئاستی عێراق، بەشێوەیەکی زۆر جوان درووست دەکرێت و بەشێکی باشیشی لێ درووست کراوە و بەم نزیکانە تەواو دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




