حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د: سیاسه‌تى نه‌رمى نێچیرڤان بارزانی، ده‌رفه‌تى مانۆڕ بۆ كورد زیاد ده‌كات

هەولێر-KDP.info-شاره‌زایه‌كی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان سه‌باره‌ت به سه‌ردانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ توركیا، دەڵێ، له میدیاكانى توركیا بەو شێوە بڵاوده‌كرایه‌وه، کە ئه‌ردۆغان میوانێكى تایبه‌تى هه‌یه، ده‌شڵێت، سیاسه‌تى نه‌رمى نێچیرڤان بارزانی، ده‌رفه‌تى مانۆڕ بۆ كورد زیاد ده‌كات.
رۆژى هه‌ینى ٢١ی٦ی٢٠١٩ له ئیستانبوڵ، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆككۆمارى توركیا، پێشوازى له نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كرد.
حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د مسته‌فا، شاره‌زا له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان رایگه‌یاند، کە توركیا و هه‌رێمى كوردستان ده‌توانن گفتوگۆیه‌كى جدى بكه‌ن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئەو مه‌ترسییانەی كه له ناوچه‌كه‌دا هەن، هه‌روه‌ها له سه‌ردانه‌كه‌ش پرسى عێراق و پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كان و ئاینده‌ى به جیهانیكردنى نه‌وت و، ئاینده‌ى نه‌وت و غازى سرووشتى و دۆخى ئه‌منیش باس كراوه، له هه‌مانكاتدا په‌یوه‌ندییه دیبلۆماسییه‌كانیش له نێوان هه‌ردوولادا به‌رده‌وام ده‌بن.
ترافیكى دیبلۆماسى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
حەسەنی ئەحمەد مستەفا، جموجووڵه‌كانى ترافیكى دیبلۆماسى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ چه‌ند ره‌هه‌ندێك دەگێڕێتەوە، كه ناوبراو ئه‌و ره‌هه‌ندانه ئاشكرا ده‌كات و پێیوایه، ره‌هه‌نده ستراتیژییه‌كه‌ى رووى له به‌غدایه، به تایبه‌ت كه ئه‌مڕۆ ناوچه‌كه به ئاڵۆزییه‌كى سه‌ختدا ده‌رباز ده‌بێ، ئاڵۆزییه‌ك كه ده‌تواندرێت وا ناوزه‌ند بكرێت، ستراتیژییه‌تى ده‌وڵه‌ته‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى تێكداوه،
پێیشیوایە، هه‌ر ده‌وڵه‌تێك و هه‌رێم و كیانێك و رێكخراوێك، بتوانێ له ڕووى دیبلۆماسییه‌وه مه‌یدانى مانۆڕەكانى فراوان بكات، باشتر ده‌توانێ كاروچالاكى هه‌بێت و زیانه‌كانى له‌سه‌ر خۆى كه‌متر بكاته‌وه، لە لایەک، لە لایەکی دیکەیشەوە ده‌توانێ ده‌ستكه‌وته‌كانى زیاتر بكات.
سه‌رده‌مى سیاسه‌تى نه‌رمه
سه‌باره‌ت به سیاسه‌تى نێچیرڤان بارزانى، ئه‌و شاره‌زایه جەخت لەوە دەکاتەوە، كه سه‌رده‌مى ئه‌مڕۆى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست، سه‌رده‌مى سیاسه‌تى نه‌رمه، سیاسه‌تى نه‌رمى نێچیرڤان بارزانیش، ده‌رفه‌تى مانۆڕ بۆ كورد زیاد ده‌كات و ده‌رفه‌تى پیلانی ناحه‌زانىش كه‌م ده‌كاته‌وه، هەروەها سیاسه‌تى نه‌رم به شێوه‌یه‌ك له ئه‌مڕۆدا هێزت پێده‌بەخشێت، كه ده‌رگاى زۆرت به روودا بكاته‌وه.
سه‌ردانى نێچیرڤان بارزانى بۆ به‌غدا
ناوبراو، سه‌ردانى سەرۆکی هەرێم بۆ به‌غداش بە به‌گرینگ ته‌ماشاكردنى عێراق و پاراستنى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌و زیانانه‌ى، كه خه‌ریكن ڕووبه‌رووى ناوچه‌كه ده‌بنه‌وه، ناو دەبات.
ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان میوانێكى تایبه‌تى هه‌یه
هەر لە باره‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ توركیا، حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د مسته‌فا روونى كرده‌وه، ئه‌و سه‌ردانه له دواى ساڵى 2015 و 2016ه‌وه بۆ یه‌كه‌مین جاره به‌م شێوه‌یه له ته‌واوى میدیاكانى توركیاوه باس بكرێت، وه‌كو هه‌واڵ كه "ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان میوانێكى تایبه‌تى هه‌یه"، "هه‌رێمى كوردستان و توركیا له دیدار‌و كۆبوونه‌وه‌دان"، بەم شێوە لە میدیاکانیان بڵاو دەکرانەوە.
لێكدانه‌وه‌ى سه‌ردانه‌كان
ناوبراو پێشى وایه، مایه‌ى خۆشحاڵییە، كه سه‌ردانه‌كه له‌لایه‌ن توركیاوە به‌مه‌به‌ستى هه‌ڵبژاردن له ئه‌سته‌نبوڵ نەقۆزرایەوە، ئه‌وه‌ش زۆر بە گرینگ دەزانێ، هەربۆیه‌شە وەک حەسەن ئاماژەی پێدا، لایه‌نگرانى دژى ده‌وڵه‌تیش نه‌هاتوون سه‌ردانه‌كه به‌خراپ له قه‌ڵه‌م بده‌ن، چونکە سه‌ردانه‌كەی سەرۆکی هەرێم له كاتێكى هه‌ستیاردا ئه‌نجام درا كه رۆژێك پێش دووباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌ڵیژاردنه‌كانى ئیستەنبوڵ بوو، به‌ڵام دیداره‌كه به‌كار نه‌هات بۆ سوود وه‌رگرتن له بابه‌تى هه‌ڵبژاردن، ته‌نانه‌ت كۆنگره‌ى رۆژنامه‌نووسى هاوبه‌شیش نه‌بوو".
ئه‌مه‌ش لای حەسەن، ئه‌وه ده‌ره‌ده‌خات كه هه‌رێمى كوردستان له خه‌مى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى خاك و خۆشبه‌ختى خه‌ڵك و ئیداره‌دانى سیاسى و، په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كان و هه‌ڵكردن و به‌یه‌كه‌وە گونجانى له‌گه‌ڵ دراوسێكان و مشور خواردنە بۆ ئاینده‌ى غازی سرووشتى و دارایى و ئه‌منیه‌ت، هه‌روه‌ها خۆشبه‌ختى میلله‌تان به گشتى، نه‌ك ببێته ته‌ره‌فێك له ململانێ سیاسییه‌كانى هیچ وڵاتێك.
هه‌ڵكه‌وت محه‌مه‌د
داڕشتنەوەی_خێڵان بەختیار




