زێباری: سەرۆکی ھەرێم ھێزی دایهوه دانووستانهكان.. چەندین لیژنەی ھاوبەش پێکھاتوون

دھۆک-KDP.info- سوپاسالاری پێشووی عێراق دەڵێ، دوای چوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، دانووستانی چڕ لە نێوان ھەرێم و بەغدا لە بارەی وەرگرتنەوەی پشکی کورد لە پۆستە ئەمنییەکان دەستی پێکردووە، لەماوەیەکی نزیکدا رەنگە ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە، چونکە کورد کۆمەڵێ پۆستی گرینگی ئەمنی بەردەکەوێت.
بابەکر زێباری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "زۆر زەروورە سیستمی پێشوو پەیڕەو بکرێت لە دابەشکردنی پۆستە ئەمنییەکانی عێراق، ئەویش ٤٥ % بۆ شیعە و ٢٥% بۆ سوننە و ٢٠% بۆ کورد، ئەوەی دیکەش بۆ پێکھاتەکان داندرابوو، بۆیە ماوەی ھەفتەیەکە دانووستان لە نێوان ھەرێم و بەغدا لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستەکان دەستی پێکردۆتەوە و، شاندێکی باڵای ھەرێمی کوردستانیش لە چەند رۆژی ڕابردوو سەردانی بەغدای کردووە و دانووستانیان لەسەر ئەو پرسە کردووە".
سوپاسالاری پێشووی عێراق گوتیشی: "گرنگە کورد سەرجەم پۆستەکانی وەربگرێتەوە، وەکو سوپاسالار و ئەمینداری گشتی و چوار جێگریشی لە وەزارەتی بەرگری ھەیە، پشکێنەری گشتییە و چەندین بەڕێوبەریش، بۆیە ئەگەر کورد ئەو پۆستانە وەرگرنەوە، ئەوا رۆڵی کورد لەناو سوپای عێراق زۆر باش دەبێت و دەتوانێ بەرگری باش لە ھەرێمی کوردستان بکات، چونکە تەنھا وەزارەتی بەرگری نییە وەزارەتی ناوخۆش کورد پشکی ھەیە".
بابەکر زێباری باسی لەوەشکرد، کە چەندین لیژنەی ھاوبەشیش پێکھاتووە و گفتووگۆ لەسەر سەرجەم کێشەکان دەکرێت، لەوانە ناوچە کوردستانییەکان، کە تاوەکو ئێستا دانووستانەکان خاو بوون، بەڵام دوای چوونی سەرۆکی ھەرێم بۆ بەغدا ھێزێکی داوەتە ئەو پرۆسەیە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو پرسەش یەکلایی دەکرێتەوە، چونکە سەردانەکە دەبێتە ھاوکارێکی باش.
بڵند ئیبراھیم




