شاخەوان عەبدوڵڵا: ھەرێم و بەغدا کۆدەبنەوە.. بەردەوامی رەوشی کەرکووک دۆخەکە ئالۆزتر دەکات

کەرکووک-KDP- ھەوڵەکان بۆ چارەکردنی رەوشی کەرکووک بەردەوامن و، بڕیارە هەفتەی دابێ لیژنەی ئاسایی کردنەوەی رەوشی کەرکووک لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا کۆببنەوە، ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێ، پێشبینی دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا لێک تێگەیشتن ھەبێت بۆ ئاسایی کردنەوەی رەوشی ئاڵۆزی کەرکووک.
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاسایی کردنەوەی رەوشی کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، کە هەفتەی رابردوو گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لە بارەی ئاسایی کردنەوەی رەوشی کەرکووک بەڕێوەچوون، هاوکات بڕیاریشە هەفتەی دابێت جارێکی دیکە ھەردوولا کۆببنەوە، دانووستانەکان بەباشی بەڕێوەدەچن و لە ھەردوولاوە ئیرادەیەک ھەیە بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە، حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی بەغداش باوەڕیان وایە، کە پێویستە رەوشی کەرکووک چاکبکرێتەوە، ئەویش بەو پێیەی بەردەوامی رەوشی ئێستای کەرکووک دۆخەکە ئالۆزتر دەکات.
ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایی کردنەوەی رەوشی کەرکووک گەشبینی خۆی لەبارەی بەرھەمی دانووستانەکان بۆ چارەکردنی رەوشی ئێستای کەرکووک نیشاندا، خۆی گوتەنی پێشبینی دەکات لە ئایندەیەکی نزیکدا لێک تێگەیشتن لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەبێـت، بەو پێیەی بەشێک لەو کێشانەی بوونەتە ئازار بۆ خەڵکی کەرکووک بڕەوێندرێتەوە.
شاخەوان عەبدڵڵا جەختیشی لەوە کردەوە، کە لە بەشێکی دانووستانی نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و فیدڕاڵ تایبەت بە كهركووك، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تێیدا بەژدار بووە، ئەوەیشی خستە روو، کە تا ئێستا ھەڵوێستی پارتی و یەکێتی لە بارەی ئاسایی کردنەوەی رەوشی کەرکووک، یەک ھەڵوێستە و لەسەر کۆی پرسەکانیش وەکو پارتی لەگەڵ برادەرانی یەکێتی لە ھەموو بوارەکاندا هاوڕان.
قائید میرۆ




