سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان: زه‌مینه‌ى وه‌به‌رهێنان باشتر ده‌كه‌ین

ھەولێر-KDP.info- ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 23/6/2019 به ئاماده‌بوونی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێزان ئه‌ندرۆ پیك جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ماتیۆ تیوولهر باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و ستیڤ لوتس جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانیی ئه‌مه‌ریكا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سه‌رۆكی یه‌كێتیی ژووره بازرگانییه‌كانی عێراق و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بزنسمان و خاوه‌ن كارانی بیانی و ناوخۆ، به‌بۆنه‌ى ئیمزاكرنی یاداشتى لێكگه‌یشتنی نێوان ژوورى بازرگانیى ئه‌مه‌ریكى و یه‌كێتیى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازیى هه‌رێمى كوردستان كه ئه‌مڕۆ واژۆ كرا بوو، به‌ڕێوه چوو.
له وتارێكدا به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وێڕاى به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان و پیرۆزباییكردن و ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به ئیمزاكردنی یاداشتی لێكگه‌یشتنى ژوورى بازرگانیى ئه‌مه‌ریكى و یه‌كێتیى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازیى هه‌رێمى كوردستان، هیوای خواست به خێرى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌مه‌ریكا بگه‌ڕێته‌وه و ببێته هۆكارێك كه هه‌رێمى كوردستان وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ بازاڕى گه‌وره‌ى عێراقیش به‌كار بهێنرێت.
به‌ڕێزیان جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه هاتنی شاندی ژووری بازرگانیی ئه‌مه‌ریكی له‌م قۆناغه‌دا نه‌ك ته‌نیا بۆ هه‌رێم، به‌ڵكو بۆ عێراقیش گرنگیی خۆی هه‌یه و نیشانه‌ى پشتیوانى و په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ی درێژخایه‌نه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا كه پێش ساڵی 1991 بۆ 2003، تا 2014 و تا ئه‌مڕۆ به قۆناغى جیادا تێپه‌ڕیون و ئاشكرای كرد كه به چاوى ڕێز و پێزانینه‌وه له دۆستایه‌تى و هاوكارى و پشتگیریى ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌ڕوانن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه پشتگیریى ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌رێمی كوردستان له شه‌ڕى دژى تیرۆردا، هۆكارێكى سه‌ره‌كیى سه‌ركه‌وتن بوو كه ئه‌مه‌ریكا سه‌ركردایه‌تیى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له دژى تیرۆر كرد و ڕۆڵێكى گه‌وره‌ى له پاراستنى هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا بینى و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا به‌یه‌كه‌وه به‌رگرییان له به‌ها هاوبه‌شه‌كانی ژیان، سه‌رفرازی، ئازادى و دیموكراسى، فرهڕهنگى و ئاشته‌وایى، پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى، مرۆڤایه‌تی و جیهان كرد و له‌مباره‌یه‌وه قوربانییه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه و هێزه عێراقییه‌كانى بیرهێنایه‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسی له قۆناغی دوای شه‌ڕی داعش كرد و به قۆناغی ئارامی و سه‌قامگیری و ئاوه‌دانی و په‌ره‌پێدان و خزمه‌تگوزاری ناوزه‌د كرد و له‌مباره‌یه‌وه ڕۆڵی كه‌رتی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكاى له وه‌به‌رهێنان له بواره جیاوازه‌كاندا له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌تی ناوخۆ و حكوومه‌ت گرنگ وه‌سف كرد و دووپاتی كرده‌وه كه پشتگیریی ئابوورى و بازرگانى، وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریى ئه‌مه‌ریكا ده‌بێته هۆی سه‌قامگیری، هه‌روه‌ها سوپاسی كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كانی بواری وزه و بارزگانی و وه‌به‌رهێنانى كرد كه له قۆناغی سه‌ختدا هه‌رێمی كوردستانیان جێنه‌هێشت و ڕایگه‌یاند كه ڕۆڵی كاراتریان له داهاتوودا ده‌بێته هۆی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی گه‌لی ئه‌مه‌ریكی و گه‌لانی ناوچه‌كه.
دواتر به‌ڕێزیان باسی ئه‌و زه‌مینه له‌باره و ئه‌و ئاسانكاریانهى كرد كه له هه‌رێمی كوردستان به‌پێی یاسا بۆ وه‌به‌رهێنان و بازرگانی هه‌یه و هه‌میشه هه‌وڵیان داوه كه‌موكوڕى، لاوازى، ڕۆتین و به‌ربه‌ست، له‌به‌رده‌م وه‌به‌رهێنان لابه‌رن و چاكسازیى یاسایى و كارگێڕى و به‌تایبه‌تى كارگێڕیى داراییان ئه‌نجام داوه و ڕووبه‌ڕووى كارى نایاسایى و گه‌نده‌ڵى بوونه‌ته‌وه و جه‌ختی كرده‌وه كه له‌سه‌ر ئه‌وه به‌رده‌وام ده‌بن و حكوومه‌ت و په‌رله‌مان هان ده‌ده‌ن تا له‌ڕووى یاسایى و شه‌فافیه‌ت و ئاسانكارییه‌وه، زه‌مینه‌ى له‌بارتر بۆ وه‌به‌رهێنان فه‌راهه‌م بكه‌ن، تا وه‌به‌رهێنه‌ران هه‌ست به دڵنیایى بكه‌ن كه له شوێنى دروست و له ژینگه‌یه‌كى یاسایى و كارگێریى ته‌ندروستدا وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارى ده‌كه‌ن.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد كه هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق قۆناغێكى نوێى په‌یوه‌ندی ده‌ستپێكردووه و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و فیدراڵى، هه‌نگاوی تازه‌ى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى و هاوبه‌شییان ناوه و هیوای خواست هه‌ردوولا وانه له هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌ربگرن، چونكه هه‌وڵى جددى و دڵسۆزانه له هه‌ردوولا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان هه‌یه، ئه‌وه جیا له‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندیى باشى هه‌ولێر و به‌غدا، ڕهنگدانهیهوهكى باشى له‌سه‌ر چالاكیى ئابوورى و بازرگانى و وه‌به‌رهێنان، له هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوى عێراق ده‌بێت.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه په‌ره‌پێدانى چالاكیى ئابوورى و بازرگانیی كه‌رتی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكی له هه‌رێمى كوردستان، ته‌نیا پرۆسه‌یه‌كى ئابوورى و بازرگانى نییه، به‌ڵكو به‌شدارى و هاوبهشییهكى كارایه له ئاوه‌دانكردنه‌وه و بنیاتانه‌وه‌ى ژیان و مرۆڤ له وڵاتێكدا كه ئازار و ده‌رده‌سه‌رى و كاره‌ساتى گه‌وره‌ى بینیوه، هاوبه‌شییه له گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئومێد بۆ ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌موو پێكهاته‌كان و پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شوێنه‌كانیان و ده‌بنه هۆی دابینكردنی ده‌رفه‌تى كار و بنیاتنانى ژیانێكى تازه بۆ كه‌سێك، خانه‌واده‌یه‌ك به‌تایبه‌تی كه گه‌لى كوردستان به سروشت كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى كراوه‌یه و حه‌زى له بنیاتنانى پردى په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى.
به‌ڕێزیان دووپاتیشی كرده‌وه كه ژوورى بازرگانیى ئه‌مه‌ریكى له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازى و كه‌رتى تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانن كار و پرۆژه‌ى هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن، چونكه بڕوایه‌كى ته‌واویان به گرنگى و ڕۆڵ و كاریگه‌ریى كه‌رتى تایبه‌ت هه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ره‌وپێشبردنى بواره جیاكان و دابینكردنى پێداویستیی وڵات، بێ كه‌رتى تایبه‌ت سه‌ركه‌وتوو نابێت، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئه‌زموونى زیاتر له (15) ساڵى ڕابردووى كه‌رتى تایبه‌ت له هه‌رێمى كوردستان ڕێنیشانده‌ره و به فێربوون له ڕابردوو، هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو باشتر ده‌كه‌ن و كه‌موكوڕى و به‌ربه‌سته‌كان لاده‌برێن و زه‌مینه بۆ چالاكیى ئابوورى و بازرگانى و وه‌به‌رهێنان، باشتر ده‌كرێت.
به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئیمزاكردنى یاداشتنامه‌كه‌ی نێوان ژوورى بازرگانیى ئه‌مه‌ریكى و یه‌كێتیى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازیى هه‌رێمى كوردستانی به كارێكی گرنگ، هه‌نگاوێكى دروست و پێویست و ته‌واو له كاتى خۆیدا وه‌سف كرد به‌تایبه‌تی كه ژوورى بارزگانیى ئه‌مه‌ریكى گه‌وره‌ترین ڕێكخراوى بزنسى جیهانه و زیاتر له (100) نووسینگه‌ى له جیهان هه‌یه و ده‌رگاى زیاتر له سێ ملیۆن كۆمپانیاى ئه‌مه‌ریكى به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا ده‌كاته‌وه و بازاڕێكى گه‌وره بۆ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان دروست ده‌كات.
له كۆتاییی وته‌كه‌یدا به‌ڕێزیان سوپاسی ئه‌وانه‌ی كرد كه كاریان بۆ ئیمزاكردنی یاداشته‌كه كردوه و سوپاسی هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتیى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازیى هه‌رێمى كوردستانی كرد بۆ تۆكمه‌كردنی په‌یوه‌ندیى بازرگانى و ئابووریى هه‌رێم له‌گه‌ڵ جیهان و هیوای خواست له داهاتوویه‌كى نزیكدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌م هه‌نگاوه له هه‌رێمى كوردستان و عێراق هه‌بێت.
بڕوای خۆیشی ده‌ربڕی کە فەرهەنگی کراوە، میواندۆستی، ئاره‌زووی هاوبه‌شی و پشتگیریی هه‌رێم له وه‌به‌رهێنانی خۆماڵی و دەرەکی، کوردستان دەکاته شوێنێکی تایبەت بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان. هه‌روه‌ها سوپاسی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى له ئه‌مه‌ریكا و خاتوو به‌یان سامی عبدالرحمن ستافی نوێنه‌رایه‌تی كرد كه ڕۆڵێكی زۆر گه‌وره‌یان بینیوه بۆ ڕێكخستن و هێنانی ئه‌م شانده و خۆشحاڵیی خۆی بۆ دامەزراندنی ژوورى بازرگانیى ئه‌مه‌ریكى لە هەرێمی کوردستان ده‌ربڕی و هیوای خواست پشتگیریی لە چالاکییەکانی بکرێت بۆ هاندان و بەهێزترکردنی پەیوەندیی نێوان هه‌ردوولا.
ده‌قی وتاری به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز، دیپلۆماتكاران،
میوانان كه له ئه‌مه‌ریكاوه ته‌شریفتان هێناوه،
ئێواره‌تان باش، هه‌موو لایه‌كتان به‌خێربێن.
به‌خێرهاتنی گه‌رمی به‌ڕێزان ئه‌ندرۆ پیك جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ماتیۆ تیوولهر باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، به‌ڕێز ستیڤ لوتس جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانیی ئه‌مه‌ریكا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سه‌رۆكی یه‌كێتیی ژووره بازرگانییه‌كانی عێراق ده‌كه‌م كه ئه‌ویش ئه‌مڕۆ ته‌شریفیان هێناوه و هه‌موو لایه‌كیان به‌خێر بێن.
خۆشحاڵم كه پێكه‌وه لێره‌ین. هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ ئێوه و بۆ یاداشتى لێكگه‌یشتنى ژوورى بازرگانیى ئه‌مه‌ریكى و یه‌كێتیى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازیى هه‌رێمى كوردستان ده‌خوازم. پیرۆزباییتان لێده‌كه‌م، هیوادارم به خێرى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ئه‌مه‌ریكا بگه‌ڕێته‌وه. ئێوه ده‌توانن لێره‌وه هه‌رێمى كوردستان وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ بازاڕى گه‌وره‌ى عێراقیش به‌كار بهێنن.
هاتنتان له‌م قۆناغه‌دا نه‌ك هه‌ر بۆ هه‌رێمى كوردستان، بۆ عێراقیش، گرنگه. نیشانه‌ى پشتیوانى و دۆستایهتیتانه. ئێمه، په‌یوه‌ندییه‌كى دۆستانه‌ی درێژخایه‌نمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌یه. په‌یوه‌ندییه‌كانمان له پێش ساڵى 1991ه‌وه ده‌ستپێده‌كات كه هه‌مانبووه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام له ساڵی 1991ـه‌وه بۆ 2003، تا 2014 و تا ئه‌مڕۆ، ئه‌م په‌یوه‌ندییه به قۆناغى جیادا تێپه‌ڕیون. به چاوى ڕێز و به پێزانینه‌وه له دۆستایه‌تى و هاوكارى و پشتگیریى ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌ڕوانین.
پشتگیریى ئه‌مه‌ریكا بۆ ئێمه له شه‌ڕى دژى تیرۆردا، هۆكارێكى سه‌ره‌كیى سه‌ركه‌وتن بوو. ئه‌مه‌ریكا سه‌ركردایه‌تیى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له دژى تیرۆر كرد. ڕۆڵێكى گه‌وره‌ى له پاراستنى هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا بینى. ئێمه پێكه‌وه به‌رگریمان له‌و به‌ها هاوبه‌شانه كرد كه بڕوامان پێ هه‌یه. كه بنه‌مای ژیان و سه‌رفرازی و ئازادین.
پێكه‌وه به‌رگریمان له ئازادى و دیموكراسى، فرهڕهنگى و ئاشته‌وایى، پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى كرد. به‌رامبه‌ر هه‌مان دوژمن جه‌نگاین. دوژمنى ژیان، دوژمنی شارستانى و دوژمنی پێشكه‌وتن. پێكه‌وه به‌رگریمان له ژیان و مرۆڤایه‌تى و له جیهان كرد. لێره‌دا، به ڕێز و پێزانینه‌وه، له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه و هێزه عێراقییه‌كان، قوربانیانى سوپاى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیش، به‌بیر ده‌هێنینه‌وه.
به‌ڕێزان،
ئێستا قۆناغى دواى شه‌ڕه. قۆناغى ئارامى و سه‌قامگیرییه. كاتى ئاوه‌دانكردنه‌وه و په‌ره‌پێدان و خزمه‌تگوزارییه. به‌په‌رۆشه‌وه چاوه‌ڕوانین كه‌رتى تایبه‌ت و وه‌به‌رهێنانى ئه‌مه‌ریكى، لێره ڕۆڵێكى گه‌وره بگێڕێت. ده‌توانن له‌گه‌ڵ كه‌رتى تایبه‌تى ناوخۆ، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تیش كار بكه‌ن.
جگه له په‌یوه‌ندى و پشتگیریى سیاسى و ئه‌منى و یارمه‌تیى مرۆیى، پشتگیریى ئابوورى و بازرگانى، وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریى ئه‌مه‌ریكیش، ده‌بێته هۆی سه‌قامگیری و ڕێزگرتن له قوربانیانی هه‌موو لایه‌كمان له عێراق. ئێوه ده‌توانن له زۆر بوارى ئاوه‌دانكردنه‌وه، ژێرخان و په‌ره‌پێدانى كه‌رته‌كانى خزمه‌تگوزارى، ته‌كنه‌لۆژیا، په‌یوه‌ندى و گه‌یاندن، بانكدارى، ته‌ندروستى، په‌روه‌رده، زانستى، پیشه‌سازى، كشتوكاڵ و گه‌شتیاریدا، وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
پێشتر كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان له بوارى وزه و له چه‌ند بوارێكى بازرگانى و وه‌به‌رهێناندا لێره كاریان كردووه. زۆر سوپاسیان ده‌كه‌ین كه له دۆخى سه‌ختى ڕابردوودا، ئێمه‌یان جێنه‌هێشت. له‌م قۆناغه و له داهاتووشدا، به‌شدارى و هاوبه‌شیى زیاتر و كاراترى كۆمپانیا و سه‌رمایه و وه‌به‌رهێنانى ئه‌مه‌ریكى، ده‌بێته هۆی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی گه‌لی ئه‌مه‌ریكی و گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه.
هه‌رێمى كوردستان زه‌مینه‌یه‌كى له‌باره بۆ وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارى. لێره ئاسانكارى، پشتگیرى و هاوكارى بۆ وه‌به‌رهێنان ده‌دۆزنه‌وه. هه‌رێمى كوردستان له بوارى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریدا، له پشتگیرى و ئاسانكاریدا بۆ هاندانى وه‌به‌رهێنان، چیرۆكێكى سه‌ركه‌وتووی هه‌یه له عێراقدا.
هه‌میشه كارمان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ى یاساى وه‌به‌رهێنانمان سه‌رده‌مانه و گه‌ره‌نتیی وه‌به‌رهێنان بێت. یاسایه‌ك بتوانێت زۆر سه‌رمایه و وه‌به‌رهێنانى بیانى بهێنێته هه‌رێمى كوردستان. چالاكیى ئابوورى و بازرگانیى فراوان ئه‌نجام بده‌ن.
هه‌میشه هه‌وڵمان داوه، كارمان كردووه و كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى كه‌موكوڕى، لاوازى، ڕۆتین و به‌ربه‌ست، له‌به‌رده‌م وه‌به‌رهێنان لابه‌رین. چاكسازیى یاسایى و كارگێڕى و به‌تایبه‌تى كارگێڕیى داراییمان كردووه. ڕووبه‌ڕووى كارى نایاسایى و گه‌نده‌ڵى بووینه‌ته‌وه.
له‌سه‌ر ئه‌وه به‌رده‌وام ده‌بین. حكوومه‌ت و په‌رله‌مان هان ده‌ده‌ین، تا له ڕووى یاسایى و شه‌فافیه‌ت و ئاسانكارییه‌وه، زه‌مینه‌ى له‌بارتر بۆ وه‌به‌رهێنان فه‌راهه‌م بكه‌ن. تاكو دڵنیایى و پشتئهستووریى زیاترى یاسایى و كارگێڕى بدینه وه‌به‌رهێنه‌ران.
ده‌مانه‌وێت هه‌ست به دڵنیایى و گه‌ره‌نتى بكه‌ن كه له شوێنى دروست و له ژینگه‌یه‌كى یاسایى و كارگێریى ته‌ندروستدا وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارى ده‌كه‌ن. دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه كه هه‌موو پشتگیرییه‌كى ئێمه‌تان هه‌یه. وه‌به‌رهێنان و مافه‌كانتان له هه‌رێمى كوردستان پارێزراوه.
به‌ڕێزان،
ئێمه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق قۆناغێكى نوێى په‌یوه‌ندیمان ده‌ستپێده‌كه‌ینه‌وه. له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و فیدراڵى، هه‌نگاوی تازه‌ى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى و هاوبه‌شیمان ده‌بێت. ده‌بێ هه‌ردوولامان وانه له هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌ربگرین. ده‌بێ بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كى باشتر، سوودیان لێ ببینین.
هه‌وڵى جددى و دڵسۆزانه له هه‌ردوولا هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كان. په‌یوه‌ندیى باشى هه‌ولێر و به‌غدا، ڕهنگدانهیهوهكى باشى هه‌یه له‌سه‌ر چالاكیى ئابوورى و بازرگانى و وه‌به‌رهێنان، له هه‌رێمى كوردستان و له ته‌واوى عێراق.
په‌ره‌پێدانى چالاكیى ئابوورى و بازرگانیتان له هه‌رێمى كوردستان، به ته‌نیا پرۆسه‌یه‌كى ئابوورى و بازرگانى نییه. به‌شدارى و هاوبهشییهكى كارایه له ئاوه‌دانكردنه‌وه و بنیاتنانه‌وه‌ى ژیان و مرۆڤیش، له وڵاتێكدا كه ئازار و ده‌رده‌سه‌رى و كاره‌ساتى گه‌وره‌ى بینیوه. هاوبه‌شییه له گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئومێد بۆ ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌موو پێكهاته‌كان. هاوبه‌شییه له پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شوێنه‌كانیان.
هه‌موو كار و چالاكییه‌كى ئێوه، ده‌رفه‌تى كار و بنیاتنانى ژیانێكى تازه بۆ كه‌سێك، بۆ خانه‌واده‌یه‌ك دابین ده‌كات. گه‌لى كوردستان به سروشت كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى كراوه‌یه. حه‌زى له بنیاتنانى پردى په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى. ئێمه بڕوامان به بازاڕى ئازاد و كراوه هه‌یه.
ئێوه ده‌توانن له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازى و كه‌رتى تایبه‌ت، كار و پرۆژه‌ى هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن. ئێمه بڕوایه‌كى ته‌واومان به گرنگى و ڕۆڵ و كاریگه‌ریى كه‌رتى تایبه‌ت هه‌یه. به‌ره‌وپێشبردنى بواره جیاكان و دابینكردنى پێداویستیی وڵات، بێ كه‌رتى تایبه‌ت كه داینه‌مۆی سه‌ره‌كییه بۆ هه‌ر به‌ره‌وپێشچوونێك، سه‌ركه‌وتوو نابێت.
ئه‌زموونى زیاتر له (15) ساڵى ڕابردووى كه‌رتى تایبه‌ت له هه‌رێمى كوردستان، ڕێنیشانده‌رمانه. به فێربوون له ڕابردوو، هه‌نگاوه‌كانى داهاتوومان باشتر ده‌كه‌ین. له قۆناغه‌كانى داهاتوودا، كه‌موكوڕى و به‌ربه‌سته‌كانى ڕابردوو لاده‌به‌ین. زه‌مینه بۆ چالاكیى ئابوورى و بازرگانى و وه‌به‌رهێنان، باشتر ده‌كه‌ین.
ئیمزاكردنى یاداشتنامهكهتان ئه‌مڕۆ، كارێكى گرنگه. هه‌نگاوێكى دروست و پێویسته. ته‌واو له كاتى خۆیدایه. ژوورى بازرگانیى ئه‌مه‌ریكى، گه‌وره‌ترین ڕێكخراوى بزنسى جیهانه. زیاتر له (100) نووسینگه‌ى له جیهان هه‌یه. ده‌رگاى زیاتر له سێ ملیۆن كۆمپانیاى ئه‌مه‌ریكى، به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا ده‌كاته‌وه. لێره‌ش بازاڕێكى گه‌وره بۆ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان دروست ده‌كات.
پیرۆزباییتان لێده‌كه‌م. هیواى سه‌ركه‌وتنان بۆ ده‌خوازم. سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى له هه‌رێمى كوردستان و له ئه‌مه‌ریكا كاریان كرد بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م یاداشته ئیمزا بكرێت.
سوپاسى یه‌كێتیى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازیى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م. ئه‌وان هه‌میشه هه‌وڵیان داوه په‌یوه‌ندیى بازرگانى و ئابووریى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جیهان، فراونتر بكه‌ن. هیوادارم له داهاتوویه‌كى زۆر نزیكدا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ى باشى ئه‌م هه‌نگاوه له هه‌رێمى كوردستان و له عێراقیش ببینین.
به‌خێرهاتنى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكیانه ده‌كه‌م كه له‌گه‌ڵ ئه‌م شانده هاتوون. ئێمە دەزانین جیهان شوێنی کێبڕکێە و کوردستانیش وەک هەر بازارێکی تر دەبێ کێبڕکێ بکات. بڕوام زۆرە کە فەرهەنگی کراوە و میواندۆستیی ئێمە، ویست و ئارەزووی ئێمە بۆ هاوبه‌شى، پشتگیریی ئێمە لە وەبەرهێنانی خۆماڵی و دەرەکی، کوردستان دەکاته شوێنێکی تایبەت بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان.
خۆشحاڵین کە کارێکی زۆر کراوە بۆ دامەزراندنی ژوورى بازرگانیى ئه‌مه‌ریكى له هه‌نده‌رانAmCham (ئامچام) لە هەرێمی کوردستان. هیوادارین پشتگیریی لە چالاکییەکانی بکرێت بۆ هاندان و بەهێزترکردنی پەیوەندیی نێوان هه‌ردوولا.
دووباره به‌خێرهاتنى هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م، به‌تایبه‌تیش ده‌مه‌وێت سوپاسی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئه‌مه‌ریكا خاتوو به‌یان سامی عه‌بدلڕه‌حمان بكه‌م كه ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ شانده‌كه ته‌شریفی هێناوه و ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و له ئۆفیس كاریان كردووه، هه‌ر هه‌موویان ڕۆڵێكی زۆر گه‌وره‌یان بینیوه بۆ ڕێكخستن و هێنانی ئه‌م شانده.
هه‌موولایه‌كتان به‌خێر بێن




