٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خۆشناو: مه‌سروور بارزانی چاوەڕوانی ناوی كاندیده‌كان دەكات.. سەردانەكان كۆتاییان پێ ھاتووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەردانی شاندی دانوستانكاری پێكھێنانی كابینەی نۆیەم بۆ لای لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا كۆتایی ھاتووە، ئەندامێكی شاندەكەش دەڵێت، پێش پشووی ھاوینە، پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و متمانە بە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەدرێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی شاندی باڵای پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئومێد خۆشناو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ھێزانەی كە بڕیاریان دا بێنە ناو حكوومەتەوە، گفتوگۆ لەگەڵیاندا كۆتایی پێھاتووە، چونكە ھەموو ڕێككەوتنەكان تەواو بوون و ئێستا سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو چاوەڕوانی ناوی كاندیدی لایەنەكان دەكات، بۆ ئەوەی پێشكەش بە پەرلەمانی بكات و سەرۆكایەتیی پەرلەمان ڕۆژی كۆبوونەوە دیاری دەكات و متمانە بە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەدرێت."

خۆشناو گوتیشی: "ھەر لایەنێك كاندیدی خۆی پێشكەش نەكات لە كاتی دیاریكراودا، ئەوا پڕۆسەكەی بۆ دواناخرێ و لە كاتی خۆیدا بە ڕێوە دەچێت، سەردانەكانیش تەواو كۆتاییان پێ ھاتووە و چاوەڕوانی وەرگرتنی سیڤییەكانیانین پێش چوونە نێو پشووی ھاوینەی پەرلەمانی كورستان، چونكە بەر لەو وادەیە، پەرلەمان كۆدەبێتەوە و متمانە بە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەدرێت و ھیچ ڕێگرییەك لە پێش پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا نییە."

بە گوتەی ئەو، سەبارەت بە كۆمەڵی ئیسلامی، تا ئێستا لە بەرنامەدا نەبووە ھیچ گفتوگۆ و كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ ئەنجام بدرێت، "وەك خۆم ھیچ بابەتێكم لە سەركردایەتیی پارتی نەزانیوە كە پێیان خۆش بێت یان ناخۆش بێت كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری كابینەی نوێ بێت، بەڵام بنكەی جەماوەریی پارتی و ئەندامان و دەنگدەران، پێیان خۆش نییە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا بكات."

 

فایزە كۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار