شاندێكی باڵای بازرگانیی ئەمەریكا سەردانی كوردستان دەكات

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێ، ئەمڕۆ شاندێكی ژوورە بازرگانییەكانی ئەمەریكا لە ئاستێكی باڵادا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و پڕۆتۆكۆڵێكی لێكتێگەیشتنیش لەگەڵ ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێم واژۆ دەكەن.
ئەسكەندەر محەممەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە شاندێكی باڵای بازرگانیی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی (ستیڤ لوتەس) جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانیی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، (ئاندرۆ پیك) جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق، بە هاوڕێیەتیی (بەیان سامی عەبدولڕەحمان) نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا، بگەنە هەرێمی كوردستان".
سەبارەت بە ئامانجی سەردانەكەیان، ئەسكەندەر دەڵێ: "ژووری بازرگانیی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، لەگەڵ یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان بەیەكەوە پڕۆتۆكۆڵێكی لێكتێگەیشتن واژۆ دەكەن، ناوەڕۆكی پڕۆتۆكۆڵەكەش بریتییە لە بەهێزكردنی پەیوەندیی ئابووریی نێوان هەردوولا و بەشداریپێكردنی بازرگانانی هەرێمی كودرستان لە چالاكییە ئابوورییەكانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و، لە بەرامبەریشدا بەشداریپێكردنی بازرگانانی ئەمەریكا لە چالاكییەكانی هەرێمی كوردستان، تا بێن ئەو بارودۆخە ببینن و لێرە كار بكەن."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێم ڕوونیشی دەكاتەوە: "ئێوارەی ئەمڕۆ دیدارێكی هەردوولا بە بەشداریی بازرگانانی هەرێم و بازرگانانی ئەمەریكا بەڕێوە دەچێت و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش رێزدار (نێچیرڤان بارزانی) بەشداری لە دیدارەكەدا دەكات".
دەشڵێت: "ماوەی سێ ساڵە كار لەسەر ئەم پرسە دەكەین، تا دواجار بە ئەنجام گەیشتین."
نەشوان بەرزنجی




