٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ماڵپەڕی KDP ئاماری 13 ساڵی وەبەرهێنان لە كەرتی گەشتیاریدا بڵاو دەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە داتا و ژمارە كۆی گشتیی وەبەرهێنانی كەرتی گەشتیاریی هەرێمی كوردستان لە نێوان 1/8/2006 تاوەكو 19/6/2019 بڵاو دەكاتەوە.


بەگوێرەی ئەو داتایانەی كە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی زانیاریی سەر بە دەستەی گشتیی وەبەرهێنانەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دراون، دەردەكەوێت كە لە نێوان 1/8/2006 تاوەكو 19/6/2019 لە هەرێمی كوردستان بە بەهای (7478952632) دۆلار وەبەرهێنان لە كەرتی گەشتیاریدا كراوە.

لە داتاكەی‌ دەستەی گشتیی وەبەرهێناندا هاتووە: "لەو ماوەیەدا بڕی حەوت ملیار و چوارسەد و حەفتاوهەشت ملیۆن و نۆسەد و پەنجاودوو هەزار و شەشسەد و سی‌ودوو دۆلار (7478952632) وەبەرهێنان لە كەرتی گەشتیاریی كوردستاندا كراوە".

 

سەبارەت بە ژمارەی پڕۆژەكان بەگوێرەی شارەكان، ئامارەكەی دەستەی وەبەرهێنان دەریدەخات، بەگشتی لە سنووری هەرێمی كوردستان (152) پڕۆژەی گەشتیاری ئەنجام دراون، كە بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە: لە سنووری پارێزگای هەولێر (77) پڕۆژەی گەشتیاری ئەنجام دراون، كە (26) پڕۆژەیان لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتیان پێ دراوە، هەروەها (51) پڕۆژەش لە لایەن خودی دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتی پێ بەخشراوە.

 

لە سنووری شاری سلێمانی بە هەڵەبجەشەوە، لەم ماوەیەدا بە گشتی (19) پڕۆژەی گەشتیاری ئەنجام دراون، كە (9) لەو پڕۆژانە لە لایەن بەرێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانییەوە مۆڵەتیان پێ دراوە و هەروەها (10) پڕۆژەش لە لایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتیان پێ بەخشراوە.

 

هەر بەگوێرەی ئامارەكەی دەستەی وەبەرهێنان، كە تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوە، دەردەكەوێت:  لە شاری دهۆك لەم ماوە دیاریكراوەدا ‌(56) پڕۆژە ئەنجام دراون، كە (27) پڕۆژەیان لە لایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتیان پێ دراوە و هەروەها (29) پڕۆژەش لە لایەن بەرێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی دهۆكەوە مۆڵەتیان پێ بەخشراوە.

 

لەبارەی سەرجەم پڕۆژەكانیشەوە دەردەكەوێت كە لە كۆی ئەو (152) پڕۆژەیە، (144) پرۆژە لە لایەن وەبەرهێنەرانی ناوخۆوە ئەنجام دراون و (3) پڕۆژە لە لایەن وەبەرهێنەرانی بیانی و (5) پڕۆژەش بە هاوبەشی لە نێوان وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆیی ئەنجام دراون.

 

سەبارەت بە ڕووبەری پرۆژەكانیش بەگشتی دەردەكەوێت كە كۆی گشتیی ئەو پڕۆژانە لەسەر ڕووبەری (6410) دۆنم ئەنجام دراون.

 

هێدی كاكەیی   

 

هەواڵی پەیوەندیدار