٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڤیان سەبری: سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم ئەرێنی بوو.. دوو لیژنە پێكدێن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆبووەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیش لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێ، لایەنە عێراقییەكان لەسەر ئاستی باڵا زۆر بە ئەرێنی باسیان لە سەردانەكە كرد. ئاشكراشی دەكات، دوو لیژنە لە نێوان حكوومەتی هەرێم و ناوەند بۆ چارەكردنی پرسەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پێكدێن.

لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و بە شاندێكی باڵا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكوەزیران و سەرۆككۆمار و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە كاتێكی باش و گرنگ بوو، چونكە ئێمە لە قۆناغێكی نوێداین دوای بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەركەكەش زۆرە، وەكو پەیوەندیی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ هەروەها پرسی هەنووكەیی وەك بودجە و نەوت و گاز و سەقامگیریی عێراق بە شێوەیەكی گشتی و پرسی ناوچە كوردستانییەكان، كە پێویستیان بە سەردانی لەو جۆرە هەیە لە نێوان هەردوو لادا."‌

د. ڤیان ڕوونیشی كردەوە: "لەو سەردانەی سەرۆكی هەرێم بڕیار درا دوو لیژنە لەلایەن حكوومەتی ناوەند و حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێكبێن، هەرێمی كوردستانیش ئامادەیی خۆی دەربڕیوە كە پابەند دەبن بە بودجە و دەستوور و یاسا، ئێستاش ئامادەییمان دەربڕیوە كە لیژنەی نەوت و گاز بێنە هەرێم و تەماشای ئەو بابەتانە بكەن كە تایبەتن بە پرسی نەوت و گاز، چونكە هەموو كارەكانمان یاسایی و دەستوورین."

سەبارەت بە پێشوازیكردنی لایەنە عێراقیەكانیش لەو سەردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا،  سەبری گوتی: "لایەنە عێراقییەكان زۆر بە ئەرێنیانە باسیان لەو سەردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا كرد و لەسەر ئاستی باڵای لایەنەكانیش بە گرنگییەوە لە سەردانەكەیان ڕوانی."

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار