پڕۆژەیاسای باشكردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە ئامادەیە

هەولێر-KDP.info- پڕۆژەیاسای باشتركردنی ژیان و گوزرانی ھێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ ئامادەیە و ئەندامێكی لیژنەی پێشمەرگەش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، ھاوتاكردنی مووچەی ھەموو یەكەیەكی پێشمەرگە و لەبەرچاوگرتنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە و ھێزەكانی ناوخۆ، جێگیر كراوە.
حیكمەت محۆ، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پڕۆژەیاسایەك بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە ئامادە كراوە و بەپێی پڕۆژەیاساكە مووچەی ھێزەكانی پێشمەرگە یەكدەخرێت و پێویستە ھیچ جیاوازییەك لە نێوان ھیچ یەكەیەكی پێشمەرگەدا نەكرێت و مووچەكانیان ھاوتای یەكدی بكرێت، ئێستاش كار لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە دەكرێـت و چەندین خاڵی دیكەی بۆ باشتركردنی ژیانی پێشمەرگە و ئەندامانی ھێزەكانی ناوخۆ تێدایە".
ئەندامەكەی لیژنەی پێشمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "دوای پێكھێنانی كابینەی نوێ، لیژنەی پێشمەرگە پڕۆژەیاساكە رادەستی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی بخرێتە نێو كارنامەی كۆبونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان و دوای ئەوەی خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، پەسەند دەكرێت".
محۆ گوتیشی: "ھەر لەنێو پڕۆژەیاساكەدا ئاماژە بە مووچەی خانەنشینیی ھێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش كراوە، چونكە وەك دەزانین لە كاتی خانەنشینییاندا مووچەیەكی شایستەیان بۆ دیاری ناكرێت، بۆیە پێویستە دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكە، پێداچوونەوە بە خانەنشینیی ھێزەكانی ناوخۆدا بكرێت و لە كاتی خانەنشینیی ئەندامانی ئەو ھێزانە، بە مووچەیەكی شایستە خانەنشین بكرێن".
قائید میرۆ




