ھەفتەی داھاتوو مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ پێشكهشكردنی بهربژێرهكان به مەسروور بارزانی كۆدهبێتهوه

ھەولێر-KDP.info- راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لیژنەیەكی باڵا ناوی وەزیرانی پشكی پارتی لە كابینەی نوێدا ئامادە كردووە و بە چەندین فیلتەردا تێپەڕ بوونە و چەندین مەرجیشیان بۆ دانراوە، بۆیە بڕیارە تاوەكو ھەفتەی داھاتوو مەكتەبی سیاسی كۆ ببێتەوە و پەسەندیان بكات.
عارف روشدی، راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی دیموكراتی كوردستان لیژنەیەكی باڵای بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی وەزارەتەكانی پشكی پارتی پێك ھێناوە و ئێمە ھیچ كێشەیەكمان نییە و كاندیدەكانمان ئامادەن، كە بە چەندین فیلتەردا تێپەڕ دەبن و ئێستاش لە لیژنەیەكی تایبەتن و پێشكەشی مەكتەبی سیاسیی پارتی دەكرێن، هەروەها بە زووترین كات كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی دەكرێت، كە دەكەوێتە ھەفتەی داھاتووەوە و پەسەندیان دەكات، چونكە دواجار مەكتەبی سیاسی بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدات".
روشدی گوتیشی: "مەرجی پارتی بۆ وەزیرەكانی ئەوەیە، ئەو كەسانەی دەبنە وەزیر، پێویستە كەسانی شارەزا بن و ھەڵوێستی نیشتیمانییان ھەبێت و لەگەڵ سیاسەتی پارتیدا بن كە نەتەوەییە، بۆیە پێویستە ئەو مەرجانەیان ھەبێت تاوەكو ببنە وەزیر لە پشكی پارتی".
راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دهشڵێ، ھەر كاتێكیش مەكتەبی سیاسی ناوی كاندیدهكانی پەسەندی كرد، پێشكەشی مەسروور بارزانی دەكرێن.
بڵند ئیبراھیم




