٩٠%ی ئاوارەکانی گوێڕ گەڕاونەتەوە

گوێڕ-KDP.info- ناحیەی گوێڕ کە بە دووری ٣٨ کم دەکەوێتە رۆژئاوای شاری هەولێر و لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای مەخموورە، بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێ، ٩٠%ی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە و خەریکی جێبەجێکردنی خزمەتگوزاریشن.
مەسعوود نووری، بەڕێوەبەری ناحیەی گوێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، دوای کۆتایی ھاتنی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش رەوشی ناحیەی گوێڕ سەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە و خەڵکی بەھۆی شەڕەوە ئاوارەبوون بەڵام ئێستا ٩٠%ی گەڕاونەتەوە سەر شوێنەکانیان، بەڵام ژمارەیەک ھاوڵاتی گوێڕ پێشتر دەستیان لەگەڵ گروپی تیرۆریستانی داعش تێکەڵکردبوو رێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە گوێڕ و بەشێک لەوانەش داوکارن بەمادەی تیرۆر بۆ ئەوەی دەستگیر بکرێن، بەشێک لەوانە ئێستایش لە شاری مووسڵم و لەوانەشە هێشتا کار بۆ داعش بکەن.
بەڕێوەبەری شارەدێی گوێڕ گوتیشی" ناحیەی گوێڕ وەک گەورەترین ناحیەی سنووری قەزای مەخموور لە کورد و عەرەب پێکھاتووە و ھەردوو پێکھاتەش بەبێ کێشە پێکەوە دەژین، ھەوڵیشمانداوە زۆرترین خزمەت پێشکەش بە دانیشتوانی سنوورەکە بکەین، بەتایبەتی لە رووی دابینکردنی خزمەتگوزاری.
لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی ناحیەکە لەڕووی خزمەتگوزارییەوە بەڕێوەبەری ناخیەکە دەڵێ، پڕۆژەی خزمەتگوزاری کەوتووتە واری جێبەجێکردن لە گوێڕ لەوانەش دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی ژمارەیەک قوتابخانە و قیرتاوکردنی چەندین شەقامی سەرەکی ناو سەنتەری ناحیە و گوندەگانی دەوروبەری، ھەروەھا لەبەرنامەی ئێمەدایە وەک حکوومەت نەخۆشخانەیەکی پەنجا قەرەوێلەیی لە سەنتەری ناحیە دروست بکرێت، تا ھاوڵاتیان لەکاتی پێویست سوود لە خزمەتگوزاری تەندروستی وەربگرن.
قائید میرۆ




