د. دیندار: پێویستە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لێكۆڵینەوە لە سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران بكەن

هەولێر-KDP.info- رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ بەدواداچوونی كێشەی سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، پێویستە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان تیمەكانیان بنێرن بۆ لێكۆڵینەوە لەم رووداوانە.
لە ماوەی رابردوودا لە سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە گوندەكانی دەوروبەری كەركووك، خانەقین، كفری، خورماتوو و شنگال، چەند دەستێكی نادیار، بە بەردەوامی هەوڵی شێواندن و زیانپێگەیاندنی هاووڵاتیان و جووتیارانی ناوچەكە دەدەن. وەك دیارە هەر بەوەشەوە نەوەستاون و لە كاتی دروێنەكردنی رەنجی یەك ساڵەی جووتیارانی سنوورەكە، هەستاون بە سووتاندنی دەغڵودانی هاووڵاتیان و ئاگرتێبەردان و بۆمبڕێژكردنی زەویوزاری گوندەكان، كە ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێ كەوتووەتەوە.
د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم رایگەیاند: "سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، نیگەرانییەكی زۆری بۆ خەڵك و جووتیارانی ناوچەكە دروست كردووە. ئەو كەسانەی هەستاون بە ئەنجامدانی ئەم گێرەشێوێنیانە لە گوندەكانی دەوروبەری كەركووك، خانەقین، كفری و خورماتوو، كەسانی نادیارن و ئامانجی سەرەكییان تێكدانی ئەو ئاشتی و پێكەوەژیانەیە كە لەو ناوچانەدا بوونی هەیە".
زێباری راشیگەیاند: "ئەو گوندانەی زیاتر لەلایەن ئەم هێرشبەرانەوە كراونەتە ئامانج، گوندەكانی هەفتەغار لە باشووری داقووق، كە پێك هاتووە لە (كلی تەپە، جلناوە، ئاوایی فەریقە، ئاوایی علی، ئاوایی دارا، ئاوایی مەنسوور) كە لە هۆزی داودین. دێكانی سنووری قەزای خورماتوو - سەڵاحەددین (پارە پارە، تەپە سەوز، شاسیوانە، سنگور، شورا و حەمەغریب) كوردن و لە هۆزی داودین. گوندەكانی حلیوە سەغیرە، حلیوە كەبیرە، خەشافنە و تەعلیب، ئەمانە هۆزی حەمدانین كە عەرەبی سوننەن لە سنووری خورماتوو. دێی بنگجە كە گەورەترین دێی خورماتووە و توركمانی سونەن، دانیشتووانەكەی لە باشووری رۆژئاوای خورماتوون. دێیەكانی بەیات لە سنووری باشووری خورماتوو لە هۆزی بەیاتن و عەرەبی سونەن. دێیەكانی سنووری قەزای دوبز (دبس) لە رۆژئاوای كەركووك، وەكو پەلكانە".
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم گوتیشی: "هۆكاری سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران لە شنگال، بوونی شانەی نوستووی داعشە لە شارەكەدا، كە لەگەڵ گەڕانەوەی هەندێك لە خەڵكەكە بۆ ناوچەكانی خۆیان، گەڕاونەتەوە ئەو ناوچانە و ئامانج لەم كارەش بێزاركردنی خوشك و برایانی ئێزدیی ناوچەكە و تێكدانی ئاشتی و پێكەوەژیانە لەو ناوچانەدا، كە ئەم كارە كێشە و گرفتی لە نێوان خەڵكی ناوچەكە دروست كردووە و پەیوەندییان لەگەڵ یەكدی وەك رابردوو نەماوە".
د. دیندار هەروەها ئاماژەشی دا: "ئەوەی لە ئێستادا پێویستە و زەرووریەتی هەیە، ئەوەیە كە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان تیمەكانیان بنێرن بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە بابەت و هۆكاری سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران، هەروەها فشار دروست بكەن لە بارەی قەرەبووكردنەوە و ناردنی تیمی هاوبەش بۆ بەدواداچوونی ئەم رووداوانە و بە جیددی كار لەسەر چارەسەركردنی ئەم كێشانە بكەن. لەلایەكی دیكەشەوە زۆر گرینگە حكوومەتی عێراق بێتە سەر هێڵ بۆ رێگریكردن لەم رووداوانە و كۆتاییهێنان بەو كێشانە، بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكان زیاتر لەوەی كە هەیە، تەشەنە نەستێنێت".




