دھۆك.. جموجۆڵی بازرگانی ٣٠% زیادی كردووە

دھۆك-KDP.info- سەرۆكی ژووری بازرگانیی پارێزگای دھۆك رایدەگەیەنێت، دوای باشبوونی دۆخی دارایی هەرێم، رۆژ بە رۆژ جموجۆڵی بازرگانی لە ھەموو ڕوویەكەوە باشتر دەبێت و تەنھا لە چەند مانگی ڕابردوودا لە دهۆك ٣٠% زیادی كردووە.
ئەیاد حەسەن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای باشبوونی دۆخی دارایی و باشتربوونی پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا، لە ئێستادا لە ھەموو ڕوویەكەوە جموجۆڵی بازرگانی زیادی كردووە و بەردەوامیش لە زیادبووندایە".
حەسەن گوتیشی، تەنھا لە چەند مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، جموجۆڵی بازرگانی لە دهۆك ٣٠% زیادی كردووە.
دەشڵێ: "بۆ ھێنانی كۆمپانیای بیانی بە مەبەستی ئەنجامدانی كاری وەبەرھێنان، چاوەڕێی پێكھێنانی كابینەی نوێ دەكەین، چونكە ئەو كارە پێویستی بە حكوومەت ھەیە".
بڵند ئیبراھیم




