"كۆمسیۆن دەست بە دروستكردنی تۆماری دەنگدەرانی كوردستان دەكات"

هەولێر-KDP.info- ھەرێمی كوردستان ئامادەكاری بۆ دروستكردنی تۆمارێكی سەربەخۆی دەنگدەران دەكات و بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستانیش دەڵێ، باشترین رێگا ئەوەیە ھەرێم پڕۆسەی بایۆمەتری دەنگدەران بەڕێوە ببات.
دكتۆر ئارام نەجمەدین، سەرۆكی ئۆفیسی ھەولێری كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كۆمسیۆن ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی تۆمارێكی تایبەت بە ھەرێمی كوردستان بۆ دەنگدەران دروست بكات، ئێمە نامانەوێ ئەزموونی رابردوو دووبارە بكەینەوە و چەند مانگێك بەرلە ھەڵبژاردن بچینە وەزارەتی بازرگانی، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای فۆڕمی خۆراك تۆماری دەنگدەران دروست بكرێت، كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان دەیەوێ لەو كێشەیە رزگاری بێت، واتە مەبەستمان ئەوەیە ببینە خاوەنی تۆمارێكی ھەمیشەیی".
سەرۆكی ئۆفیسی ھەولێری كۆمسیۆن دەڵێت: "تا ئێستا چەند پێشنیازێك ھەن بۆ دروستكردنی تۆماری دەنگدەران، لەوانەش وەرگرتنی تۆماری بایۆمەتریی بەغدا، ھەروەھا بۆچوونێكی دیكە ئەوەیە ھەرێمی كوردستان خۆی بایۆمەتری بەڕێوە بەرێت و پشت بە عێراق نەبەستێت، پێشنیازی دیكەش ئەوەیە بایۆمەتریی مووچەی فەرمانبەران و كارتی نیشتیمانی بكەینە بنەما بۆ ئەوەی دەست بە ھەنگاوەكانی تۆماری دەنگدەرانی ھەرێمی كوردستان بكەین".
نەجمەدین روونیشی كردەوە: "لە ماوەكانی داھاتوودا كۆمسیۆنی باڵا بڕیارێك دەدات یەكێك لەو پێشنیازانە پەسەندبكرێت و ببێتە بنەمای دروستكردنی تۆماری دەنگدەران، ھەبوونی تۆماری تایبەت بە خۆمان وادەكات لە زۆر كێشە رزگارمان بێت، لەوانەش گلەیی لایەنە سیاسییەكان".
دكتۆر ئارام نەجمەدین نەیشاردەوە، كە باشترین رێگا ئەوەیە ھەرێمی كوردستان بایۆمەتریی دەنگدەران بەڕێوە ببات و گوتی: "من خۆم لەگەڵ ئەوەدام ئێمەیش وەك ھەرێمی كوردستان ھاوشێوەی كۆمسیۆنی بەغدا دەست بە پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەران بكەین، لەبەر ئەوەی ھەر پێشنیازێكی دیكە جێبەجێ بكەین، دواتر پڕۆسەیەكی تەواو نابێت و ھەر دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سیستمی بایۆمەتری، ئەمە متمانەیەكی زۆر بۆ كۆمسیۆن دروست دەكات و لە كێشەی ناوی مردوو و زیادە رزگارمان دەبێت، تەنیا بودجەیەكی زۆری پێویستە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەراورد بە بایۆمەتری حكوومەتی عێراق، كەمتری پێویستە، چونكە لە چوار پارێزگا بایۆمەتری بەڕێوە دەبەین".
قائید میرۆ




