"لە ھەندێ ناوچەی کوردستانی ڕێژەی کورد لە ٩٧% کراوە بە ٢٠%"

هەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، زۆربەی ئاوارەکانی ناوچە کوردستانییەکان نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانیان و پیلانێک ھەیە بۆ سڕینەوەی کورد لە کەرکووک و شنگال و خانەقین و خورماتوو. دەشڵێ، خەڵکی کورد بەزۆر دەر دەکرێن تا کورد ڕێژەکەی زیاد نەبێت.
عەدالەت عومەر، ڕاوێژکاری دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: "ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ ھێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە و ئێستاش بەشێکی زۆریان نەگەڕاونەتەوە، ھەروەھا بەھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە سەدھەزار کەس ئاوارە بوونە و زۆربەیان نەگەڕاونەتەوە بۆ شوێنەکانیان."
بەرپرسەکەی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتی: "ئاوارەبوونی خەڵکی و بەلاڕێدابردنی پرسی چارەسەرکردنی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچانە ناھاوسەنگیی دروست کردووە و بەردەوام گوشار دەخرێتە سەر ھاووڵاتییانی کورد تا ناوچەکانیان بەجێ بێڵن، ھەرلە ڕفاندنەوە تا دەگاتە تەقینەوە و داگیرکاریی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەزۆر کوردیان دەربەدەر کردووە و لە شوێنەکانیان دەرکردوون."
عومەر ڕوونی کردەوە: "لە ھەموو ئەو ڕاپۆرت و بەڵگانامانەی ھەن ڕێژەی کورد لە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ زۆر بەرزترە، ساڵانی ڕابردوو ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەو ناوچانەی دیار کردووە کە کوردستانین، ئێمە دەست لەو ناوچانە بەرنادەین بە ھیچ شێوەیەک، چونکە ھۆکاری ھەڵوەشاندنەوەی بەیانی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ لەسەر پرسی کەرکووک بوو، لەبەر ئەوەش، کورد شۆڕشی ئەیلوولی کردە قوربانیی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی ھاوشێوەی."
لەبارەی ڕێژەی کورد لە ناوچەکانیان بەر لەوەی دەستکاری بکرێت و تەعریب دەستی پێ بکرێت و بەراورد بە ئێستا، عەدالەت عومەر ئاشکرای کرد: "بەر لەوەی دەستکاریی ئەو ناوچانە بکرێت لە ھەندێ ناوچە ڕێژەی کورد ٩٧% بوو، بەڵام لە سەرەتای پڕۆسەی تەعریبەوە تا ئەمڕۆ گۆڕانکاریی زۆر بەسەردا ھاتووە، بە شێوەیەک کە ئەو ناوچەیەی ڕێژەی کورد تێیدا ٩٧% بووە، ئێستا ٢٠%ـە، ئەوەش دیارە کە چوون گۆڕدراوە."
قائید میرۆ




