وەزارەتی كشتوكاڵ باج دەخاتە سەر بەرهەمی هاوردە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵ ڕایدەگەیەنێت، بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و زیانمەندنەبوونی جووتیاران، حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێوشوێنی تازە سەبارەت بە هاوردەكردنی بەرهەمی سەوزە و میوە دەگرێتە بەر.
سەهێن حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی باغداری و دارستان و پاوانەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و زەرەرمەندنەبوونی جووتیارانی كوردستان، وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پلانێكی تۆكمە و بە رێژەی جیاجیا باج دەخاتە سەر ئەو بەرهەمانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا كاتی پێگەیشتنیان هاتووە و بازرگانانیش هاوردەی دەكەن".
حوسێن راشیدەگەیەنێت: "بۆ هەر بەرهەمێك كە لە هەرێمی كوردستان كاتی پێگەیشتنی دێت، وەزارەت بیست رۆژ زووتر سیستمی باجەكە پەیڕەو دەكات، بۆ ئەوەی بازرگانان بەرهەمی هاوردەی زۆر لە ساردكەرەوەكاندا هەڵنەگرن".
لەبارەی بڕی ئەو باجەی كە دەخرێتە سەر بەرهەمی هاوردەی بیانییەوە، سەهێن ئاشكرای كرد: "بۆ هەر تۆنێك میوە بڕی (300) هەزار دینار، بۆ هەر تۆنێك سەوزەش بڕی (250) هەزار دینار باجیان دەخرێتە سەر، دوای ئەوەی كاتی نەمانی بەرهەمەكەش لە كوردستان تەواو دەبێت، باجەكە لە سەر كاڵاكە هەڵدەگیرێت".
هێدی كاكەیی




