پەرلەمانی كوردستان بەدواداچوون بۆ كێشەی پرسیارەكانی ١٢ی ئامادەیی دەكات

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی ژمارەیەكی بەرچاوی قوتابیانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی دڵگرانیی خۆیان لەبارەی شێوازی پرسیارەكانی تاقیكردنەوەكانی ئەمساڵیان راگەیاند، لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی كوردستان رەزامەندیی خۆی نیشان دا بۆ بەدواداچوونی كێشەی پرسیارەكانی ئەمساڵ.
حەسیبە گەردی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لیژنەی پەروەردە لەبارەی دزەكردنی پرسیارەكانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی و شێوازی ھێنانەوەی پرسیارەكان لێكۆڵینەوە دەكات و ئەگەر دەركەوت كەمتەرخی ھەبێت و ھەر كەسێك لەسەری ئیسپات بوو پرسیارەكانی دزیوە، سزا بدرێت، بەداخەوە پرسی دزەكردنی پرسیاری تاقیكردنەوەكان ساڵانە دووبارە دەبێتەوە".
ئەندامەكەی لیژنەی پەروەردە گوتیشی: "بە گوێرەی بەدواداچوونی پێشتر، وەزارەتی پەروەردە رەتی كردووەتەوە بە ھیچ شێوەیەك پرسیارەكان ئاشكرا ببن و تۆمەتی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دزەكردنی پرسیارەكانیان خستووەتە پاڵ ھەندێ ئەكاونتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ تێكدانی باری دەروونیی قوتابیان".
گەردی روونی كردەوە: "رۆژانی داھاتوو ئێمە دەست بە كارەكانمان دەكەین تا بگەینە راستی و دروستیی بابەتەكە، چونكە دەنگۆیەك زۆر بڵاو بووەتەوە و باس لەوە دەكرێت پرسیارەكانی كۆتایی ساڵ دزەیان كردووە و شێوازی هێنانەوەی پرسیارەكانیش بێ ھەڵە نەبووە".
قائید میرۆ




