یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەمدەرامەتان دەست پێدەکاتەوە
__2019_06_16_h16m23s51__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی ئاودانكردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دەست كراوەتەوە بە كاركردن لە بەشێك لەو پرۆژە نیشتەجێبوونانەی كە حكوومەتی هەرێم بۆ كەمدەرامەت و فەرمانبەران دروستیان دەكات .
ئاگرینعهبدوڵڵا، بریكاری وەزارەتی ئاودانكردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەهۆی قەیرانی دارایییەوە هاوشێوەی پرۆژەكانی كەرتی تایبەت. بەشێك لەو پرۆژە نیشتەجێبوونانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لە رێگای وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە سەرپەرشتیی دەكران، كارەکانیان وەستابوو، بەڵام ئێستا کاری بەشێك لەو پرۆژانە لە سەرجەم شارەكان دەستی پێ كردووەتەوە. دوای تەواوبوونیشیان حكوومەتی هەرێم بەگوێرەی ئەو پێوەرانەی كە دیاری كردووە دەیدات بە فەرمانبەران و خەڵكی كەمدەرامەت، یان ئەو كەسانەی هیچ جارێك لە حكوومەت سوودمەند نەبوونە."
بریكاری وەزارەتی ئاودانكردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایشی كرد: "ئێستا لە هەریەكە لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و زاخۆ و قەڵادزێ و هەڵەبجە چەند پرۆژەیەك كەوتووەتەوە كار، كە پێشتر كارەکانیان وەستابوو."
دەربارەی نرخی ئەو شوقانەی حكوومەت بە خەڵكی كەمدەرامەت و فەرمانبەرانی دەدات، رایگەیاند: "بڕی پارەكە بەگوێرەی شوێنەكان دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی حكومەت بە 20 ساڵ پارەكە لە سوودمەندەكان وەردەگرێتەوە."
هێدی كاكەیی




