٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"چوارساڵی داهاتووی هەرێم چوارساڵی زێڕین دەبێ"

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ بە مەبەستی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی لەگەڵ پارتی کۆ بووەوە و بڕیارە لە ڕۆژانی دابێ لەگەڵ لایەنەکان کۆ ببێتەوە. سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەییی دیموکراتی کوردستانیش ئومێدی بە ھەنگاوەکانی مەسروور بارزانی ھەیە و داوایشی کرد، حکوومەتێکی بەھێز لە ھەموو لایەنەکان پێک بێت..هاوكات بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، چوارساڵی داهاتوو چوارساڵی زێڕین دەبێ بۆ هەرێمی کوردستان.

غەفوور مەخمووری، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەییی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە پشتگیریی کابینەی مەسروور بارزانی دەکەین و پێشبینی دەکەین لە کاتی یاساییی خۆیدا کابینەی نوێ ڕابگەیەندرێت، بەداخەوە بەھۆی ناکۆکیی سیاسییەوە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر دووا کەوت، باوەڕی تەواومان بە مەسروور بارزانی ھەیە، لەو کاتەی بۆی دیاری کراوە حکوومەت پێک دێت، ئومێدیش دەکەین بەڕێز مەسروور بارزانی سەردانی ھەموو لایەنە سیاسییەکان بکات و کارێکی وەھا بکات حکوومەتی ھەموو لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بێت، نەک حکوومەتی چەند لایەنێکی سیاسی بێت."

 

سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەییی دیموکراتی کوردستان دەشڵێت: "ئەگەر لە ماوەی ڕابردوودا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھی چەند حزبێک بووە، ھەوڵ بدات بە دیدگایەکی نوێ ئەم حکوومەتە بکاتە کابینەی ڕەنگدانەوەی ڕەنگە جیاوازەکان، ئەوکات پێویستە ھەموو ھێز و لایەنەکان بەپێی پێگەی حزبی و سیاسی و جەماوەریی خۆیان کار بۆ سەرخستنی حکوومەت بکەن، بەپێچەوانەوە کابینەی حکوومەت ھاوشێوەی خۆلەکانی ڕابردوو بێت، کێشەکانمان پێ چارەسەر ناکرێت."

 

غەفوور مەخمووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دەربازی قۆناغە سەختەکانی ڕابردوو بێت، ھەتا ھەوڵ بدرێت بەشداری بە کەسایەتیی بێلایەن و لە حزبە جیاوازەکان بکات. باوەڕی ئێمە وەھایە نابێ حکوومەت بەحزبی بکرێت، بەڵکو بەرژەوەندیی گشتی و حکوومەت بخرێتە پێش بەرژەوەندیی حزبی و حزب لە دەرەوەی حکوومەت کاری خۆی بکات، بە شێوەیەک کار بۆ ئەوە بکەین لە ئایندەدا بتوانین سیستەمی وڵات بگۆڕین لە فیدڕاڵیەوە بۆ سەربەخۆییی کوردستان، خۆم گەشبینم لە کابینەی نوێ بە مەرجێک حکوومەت و حزب لێک جیا بکرێنەوە و ھەریەکە و کاری خۆی بکات."

 

لای خۆیشەوە بڵند ئیسماعیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "لە قۆناغی داهاتوودا ئەگەر هیچ پێشهاتێكی سلبی و خراپ لە دەرەوەی ئیرادە و خواستی ئێمە نەهێتە پێشەوە، چوار ساڵی داهاتوو، چوار ساڵی زۆر زێڕین دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان، لە ڕووی چاكسازی، پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایش، ئیستقراری سیاسی، گەشەسەندنی ئابووری، هەستانەوەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی دیبلۆماسی و، پشتگیریی سەرۆك بارزانی، كە خۆیشی ڕایگەیاند پشتگیری لە هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی دەكات. هەم ئەو پشتگیرییەی كە لایەنەكان لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی دەكەن، چونكە پێیان وایە هەم نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت دەورێكی زۆر باش لە ڕووی دیپلۆماسی و نوێنەرایەتیی هەرێم ببینێت لەسەر ئاستی ناوچەكە و دنیا، هەمیش مەسروور بارزانی دەتوانێت پەرە بە دامودەزگا و موئەسساتی حكوومەت بدات و، چاكسازییەک دەست پێ بكات كە لە ئاستی پێشبینیی خەڵكدا بێت."

 

بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەشڵێ: "دنیا تێگەیشتووە كە هەرێمی كوردستان، پێگەیەكی جوگرافیی گەورە، پێگەیەكی سیاسیی گەورە و پێگەیەكی ئابووریی گەورەی هەیە. ئەوانەی لە كوردستان حزبی زۆرینە و نوێنەرایەتی دەكەن، چ وەكو حزب، چ وەكو كەسایەتی، وەكو سەرۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی، پێگەیەكی زۆر گەورەیان لە ناوچەكە و جیهاندا هەیە، ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم باشترین بەڵگەیە، پێم وایە ئەگەر دەرفەتی زیاتر هەبایە، خەڵكێكی زۆر زیاتر ئامادە دەبوو".

 

قائید میرۆ-ڕابین شێروانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار