هیوا ئەحمەد مستەفا: خه‌ڵك چاوی له پارتییه

هەولێر-KDP.info- له چاوپێكه‌وتنێكدا لەگەڵ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، هیوا ئه‌حمه‌د مسته‌فا, ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان، وه‌ڵامی چه‌ند پرسێكی دایه‌وه و پێی وایه كه دۆخی هه‌رێمی كوردستان پێویستی به یه‌كڕیزی و ڕێكخستنه‌وه‌ی ناوماڵی كورد هه‌یه، ئه‌وه‌ش به هه‌وڵی هه‌موو لایه‌ك ده‌بێت.
KDP.info: سه‌رەتا دۆخی هه‌رێمی كوردستان چۆن ده‌بینیت؟ پێت وایه هه‌نگاوه سیاسییه‌كان به‌ره‌و كوێ ده‌ڕۆن؟
هیوا ئه‌حمه‌د: ڕه‌وشی سیاسیی كوردستان تا ڕاده‌یه‌ك ئاڵۆزه، ناتوانرێت به نۆرماڵ و ئاسایی ته‌ماشا بكرێت، چوار ده‌وری ئێمه ئاڵۆز بووه و له هه‌ره‌شه‌دان به‌رانبه‌ر به یه‌كتر، هێز له به‌رانبه‌ر یه‌كتری نیشان ده‌ده‌ن، نێوانی شیعه و سوننه گرژه, له ناوخۆی شیعه‌كاندا نارێكی هه‌یه، هێزی داعش تێك شکاون، ئه‌وكاته‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بوو كۆتاییی داعشی ڕاگه‌یاند، به‌ڵام ده‌ركه‌وت وا نییه، داعش تا ئێستاش له ناوچه گه‌رمه‌كان هه‌یه و به‌هێزیشن, ڕه‌وشی كه‌ركووك تا ئێستا ئاسایی نه‌بووه‌ته‌وه، هێزی پێشمه‌رگه له دووای به‌جێهێشتنی ناوچه‌كانی سنووری خۆی دووای 16ی ئۆكۆتبه‌ر نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، تا ئێستاش باره‌گای پارتی و چه‌ند حزبێكی دیكه له‌و شاره داگیر كراون و له‌ژێر دەستی حه‌شد و سوپای عێراقدان، ده‌یان هه‌زار ماڵ تا ئێستا نه‌گەڕاونه‌ته‌وه، تا ئێستا گرفتی شنگال وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه و له نێوان په‌كه‌كه و داعش و میلیشیاكاندا یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه، له هه‌مان كاتدا ده‌یان هه‌زار ئاواره‌ی سووریا و باشووری عێراق له كوردستانن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، ئه‌مانه ئه‌ركی قورسن, له ڕووی سیاسییشه‌وه چه‌ند مانگێكه هه‌ڵبژاردن كراوه، ڕاسته سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵبژێردراوه, به‌شداریكردنی یه‌كێتی له ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێمدا تا ڕاده‌یه‌كی باش برینه‌كانی سارێژ كرد، لێك نزیكبوونه‌وه ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه هه‌موو شتێك نییه و تا ئێستاش هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ی ڕوو ده‌ده‌ن كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بازاڕ و ئاوه‌دانكردنه‌وه و ئابووری هه‌یه و له ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه ده‌غڵودانی كورد ده‌سووتێندرێت، ئه‌وه‌ش هه‌مووی گرفتێكی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی ئێمه و ئامانجیان له‌و سووتاندنه ئەوەیە ئابووریی كوردستان بڕووخێت و وا له خه‌ڵك بكه‌ن كه دڵیان به خاكی خۆیان نه‌سووتێتت، بۆیه ڕه‌وشه سیاسییه‌كه به‌و شێوه‌یه."
KDP.info: كه‌وایه ئێستا لێكنزیكبوونه‌وه له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه، بۆچی هه‌ردوولا نه‌یانتوانیوه ئه‌و گرفتانه‌ی كه په‌یوه‌ندییان به هه‌ردوو لا‌وه هه‌یه چاره‌سه‌ریان بكه‌ن؟
هیوا ئه‌حمه‌د: په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی باشه، به‌ڵام تا ئێستا حكوومه‌ته‌كه‌یان به‌باشی پێك نه‌هێنراوه، ڕاسته سه‌رۆكوه‌زیرانه، به‌س هه‌موو شتێک نییه، تا ئێستاش حزب و لایه‌نی سیاسی هه‌ن ده‌توانن گرفتی بۆ دروست بكه‌ن. جگه له‌وه‌ش، خۆمان، وه‌ك حزبه كوردستانییه‌كان، گوتاری سیاسیی هاوبه‌شمان نییه، بۆ نموونه، ئێمه و یه‌كێتی بۆچوونمان له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه وه‌ك یه‌ك نییه، ئێمه و یه‌كێتی ده‌بێ بگه‌ینه هاوبه‌شی، دواتر له‌گه‌ڵ به‌غدا قسه بكه‌ین، ئێمه پێمان وایه كه‌ركووك داگیر كراوه و له حاڵه‌تی سروشتیی خۆیدا نییه، ده‌بێ داموده‌زگای حكوومی وه‌ك ئاسایش و پۆلیس و پێشمه‌رگه و باره‌گای ئێمه بگەڕێنه‌وه بۆ ئه‌وێ و خانووی داگیركراوان بدرێته‌وه."
KDP.info: له‌باره‌ی ئه‌و فه‌رمانه‌ی به‌غداوە کە له‌سه‌ر ڕیفراندۆم له‌دژی سه‌ركرده‌كانی كوردستان دراوه، چی كراوه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌كه؟
هیوا ئه‌حمه‌د: یه‌كێك له گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌وه ده‌بێت كه بڕیاری به‌غدا له‌دژی ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان به ڕیفراندۆم داوه، هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه، چونكه فه‌رمانی گرتنی تێدایه، چونكه ده‌یان كادیری ئێمه له‌سه‌ر ئه‌وه فه‌رمانی گرتنیان هه‌یه، بۆیه ده‌بێ ئه‌م پرسانه ئاسایی ببێته‌وه و دواتر بگه‌ڕێینه‌وه، براده‌رانی یه‌كێتی ده‌ڵێن با پارێزگار دیاری بكرێت بۆ ئه‌و شاره گرفته‌كان خۆیان چاره‌سه‌ر ده‌بن، ئێمه‌ش پێمان وایه دۆخی كه‌ركووك به‌م شێوه‌یه ئاسته‌مه و ده‌شكرێت ئه‌و بڕیاره هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه، چونكه بڕیاره‌كه سیاسییه و به بڕیاری سیاسی ئه‌وه هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه."
KDP.info: ئه‌ركی پارتی له دووای سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی كوردستانەوە قورس بووه، ئه‌ركی داهاتووی پارتی چی ده‌بێت؟
هیوا ئه‌حمه‌د: ئێمه وه‌ك پارتی به به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و 45 كورسییه ئه‌ركمان قورس بووه، خه‌ڵك چاوی له پارتییه، هه‌رچه‌نده پارتی چاوی له‌وه بووه ده‌نگی زیاتر بهێنێت, ده‌شمانه‌وێت له‌گه‌ڵ په‌یامی خۆمان ڕاستگۆ بین و له‌دژی گه‌نده‌ڵیین، ده‌مانه‌وێت حكوومه‌تی هاووڵاتی پێک بێت و هەو‌ڵ بدرێت سوود له كه‌موكورتییه‌كان وه‌ربگیرێت، كه ئه‌وه‌ش به ته‌نیا به پارتی ناكرێت, ده‌بێ هاووڵاتییان له‌گه‌ڵمان به‌شدار بن، سێكتەره‌كانی دیكه‌ش به‌شدار بن بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه بتوانین كوردستان سه‌ربخه‌ین."
KDP.info: كاری داهاتوو چییه؟
هیوا ئه‌حمه‌د: بەڕێز، كاك مه‌سروور بارزانی، كاندیدی سه‌رۆكی حكوومه‌ته له لایه‌ن پارتی و ده‌بێت له ماوه‌ی دیاریكراودا حكوومه‌ت پێک بێنێت، دووایی حكوومه‌ت ده‌كه‌وێته سه‌رپێی خۆی، ده‌مانه‌وێت په‌ره به كه‌رتی ئابووری بده‌ین, سێكته‌ری كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتیاری له به‌رنامه‌ی پارتیدایه و گرنگیی پێ دەدرێت. پارتی له داهاتوودا گرنگی بە پرسی ده‌ستبه‌تاڵی و بێكاری و په‌روه‌رده‌ش ده‌دات و بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه کار دەکەین و په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ عێراق باش ده‌كه‌ین و له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران په‌یوه‌ندیمان باشه, له ناوخۆی كوردستانیش ڕه‌نگه دووای ئه‌وه حزبه‌كان زیاتر كۆ ببنه‌وه و چاوەڕوان ده‌كرێت چه‌ند له نێوان حزبه‌كاندا دانیشتنێك بكرێت, بۆ ئه‌مه ئه‌وه‌ی ده‌یكات گرنگه و ده‌ستخۆشیه و پێشنیار ده‌كه‌م بۆ سه‌رۆك بارزانی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان كۆ بكاته‌وه، چونكه ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دات مه‌ترسیداره له‌سه‌ر ئاسایشی كوردستان."
KDP.info: ئه‌و پشكانه‌ی پارتی وه‌ریگرتوون، کامەن؟
هیوا ئه‌حمه‌د: ئه‌و پۆستانه‌ی پارتی له‌چاو ده‌نگه‌كانی كه‌من، زیاتر ئیمه ویستوومانه خۆمان بگونجێنین له‌گه‌ڵ ناوخۆی خۆمان، تا ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان بده‌ین و پارتی به‌و پۆستانه‌ی له‌به‌رده‌ستییه‌تی به‌ته‌نیا ناتواتێت ئه‌وه بكات، بۆیه گرنگه لە حكوومه‌تدا پێكه‌وه وه‌ك ستاف كار بكه‌ن و هاوكاریی پارتی بكه‌ین و له حكوومه‌ت بڕیار ده‌رده‌كرێن، گرنگه به‌دوواداچوونیان بكرێت، بۆیه گرنگه لە حكوومه‌تی داهاتوودا ئه‌وه یه‌كلا بكرێته‌وه."
KDP.info: ڕۆڵی داهاتووی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی کوردستان چۆن دەبینی؟
هیوا ئه‌حمه‌د: هه‌ردوو دامه‌زراوەکە زۆر گرنگن و پێشنیار ده‌كه‌م سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌رۆکایەتیی په‌رله‌مان ده‌ستوور بۆ كوردستان دابنێن، ئه‌گه‌ر ده‌ستووری باشمان هه‌بێت زۆر گرنگه و گرنگه په‌رله‌مان بیکاتە كاری خۆی و له‌وێ یه‌كلا بكرێته‌وه، جا به ده‌نگدان بێت، یان ئالیه‌تی دیكه، له كاتێكدا پێشووتر ئه‌وه درایه خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ی تێبینیی له‌سه‌ر بكرێت. ئێستاش گرنگتر له‌وه، ئه‌وه‌یه كه كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكرێت كه پرۆسه‌ی چاكسازی جێبەجێ بكرێت."
KDP.info: پۆسته‌كانی به‌غدا وه‌رده‌گرنه‌وه؟
هیوا ئه‌حمه‌د: ئه‌ركی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییمان جێبه‌جێ كردووه و ده‌یكه‌ین و ئێمه ڕیفراندۆممان كرد مافی ده‌ستووری و یاساییه به سه‌ركه‌وتووییش كۆتایی هات و زیاد له %92ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگی پێ داوه، له كاتێكدا ڕیفراندۆم سڕ كراوه، به‌ڵام له ڕووی یاسایییه‌وه گرنگ بوو كه بۆ داهاتووش پارتی ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا زۆر به‌هێز بكات، به‌نیازیشین ئەو پۆستانەی به‌ر كورد ده‌كه‌ون و له‌ناو كوردیشدا به‌ر پارتی ده‌كه‌ون، وه‌ریانبگرینه‌وه و ده‌شمانه‌وێت ئاسته‌نگ نه‌مێنێت.
KDP.info: ئالیه‌تی پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی پارتی له حكوومه‌تدا چییه؟
هیوا ئه‌حمه‌د: یه‌كه‌م جار سه‌رۆكی حكوومه‌ت، دوواتر وه‌زیره‌كان و دوواتر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی، بۆیه ئه‌وانه‌ی له‌وێن بەشێکیان له پۆسته‌كانیان نامێنن و ئه‌وه‌شی حه‌زی لێ بووه پۆست وه‌ربگرێت سیڤیی ناردووه و دیراسه‌ش ده‌كرێت.
کارزان هەورامی




