سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری وەزیری هاوكاریی ئابووریی و گەشەپێدانی ئەڵمانیا و شاندی یاوەری كرد

هەولێر-KDP.info- سەرۆك مەسعوود بارزانی، ئەمڕۆ شەممە 15ـی 6ـی 2019 لە سەڵاحەددین پێشوازی لە مارتین جەیگێر، جێگری وەزیری هاوكاریی ئابووریی و گەشەپێدانی ئەڵمانیا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەڵمانیای كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش هاوكار و یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوونە و ڕایگەیاند، پاڵپشتییەكانی ئەڵمانیا لە گۆڕینی باڵانسی مەیدانیی شەڕی دژی داعش زۆر كاریگەر بووە.
هەر لەو دیدارەدا، جێگری وەزیری هاوكاریی ئابووریی و گەشەپێدانی ئەڵمانیا، خۆشحاڵیی وڵاتەكەی بە باشتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا و بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی ناوچەكە، تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.




