لە سبەینێوە بەغدا دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی كوردستان دەكات

هەولێر-KDP.info- بەرێوەبەری گشتیی بارزگانیی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە سبەینێوە حكوومەتی عێراق دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەكات.
نەوزاد ئەدهەم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە نووسراوی فەرمی، حكوومەتی عێراق لە سبەینێوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەكات و تا ئەو كاتەی جووتیاران بیانەوێت، دەرگای وەرگرتن كراوە دەبێت.
ئەدهەم راشیدەگەیەنێت: "بە هۆی ئەو رێككەوتنەی كە پێشتر لە نێوان هەولێر و بەغدادا واژۆ كراوە، ئەمساڵ حكوومەتی فیدراڵ بڕی (340) هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت، ئەویش بە گوێرەی ڕووبەری چاندنی پارێزگاكان. بۆ نموونە دهۆك 112 هەزار تۆن، هەولێر 100 هەزار تۆن، سلێمانی 80 هەزار تۆن، هەڵەبجە 20 هەزار تۆن و ئیدارەی گەرمیان 28 هەزار تۆن" .
بەڕێوەبەری گشتیی بارزگانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش دا: "بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لەم بڕە زیاترە كە حكوومەتی فیدراڵ دیاریی كردووە، بۆیە هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی بڕێكی دیكەی زیاتر گەنم لە جووتیاران وەربگیرێت بۆ ساڵی 2019".
هێدی كاكەیی




