فڕاكسیۆنی پارتی: پڕۆژەیاسای گرنگمان ئامادە كردوون.. دوای پێكهێنانی حكوومەت كاریان لەسەر دەكەین

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی (نێچیرڤان بارزانی) رۆژی 10ى ئەم مانگە لە رێوڕەسمێكی گەورەدا سوێندی یاسایی خوارد و رۆژی 12ی مانگیش (مەسروور بارزانی) مەڕسوومی پێكهێنانی حكوومەتی بۆ دەرچوو، بڕیارە لە ماوەی مانگێكدا كابینەی نوێی حكوومەت پێك بهێنرێت، پەرلەمانتارێكی فڕاكسیۆنی زەردیش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، پڕۆژەیاسای گرنگمان ئامادە كردوون و بە كردەوە كاریان لەسەر دەكەین.
لیزا فەلەكەدین كاكەیی، پەرلەمانتارێكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پەرلەمانتار سێ ئەركی سەرەكیی هەن، كە بریتین لە چاودێریكردن و یاسادانان و هەروەها دانانی بودجە، لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەولەوییەتی كارمان پڕۆژیاسای چاكسازی و دەستوور دەبێت، كە لیژنەیەكی كاتی بۆ دیاری دەكرێت، هەروەها وەكو فراكسۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان چەندین پڕۆژەی گرنگمان ئامادە كردوون، كە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندان و خۆیان لە بوارەكانی دارایی و خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و چین و توێژەكانی تردا دەبیننەوە، لە كاتی بانگەشەی هەلبژاردنیشدا كارنامەیەكی تایبەتمان هەبوو، لەوانەش چاكسازی و هەلی كار و خزمەتكردنی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان و ماددەی 140، كە بە كردەوە كاریان لەسەر دەكەین".
كاكەیی گوتیشی: "لە هەر لیژنەیەكی پەرلەمان ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتیمانی تێدایە و ژمارەیەك پڕۆژەیاسایان لە بەردەستن بەپێی تایبەتمەندییان، بۆ ئەوەی لە دوای پێكهێنانی حكوومەت ڕاستەوخۆ كاریان لەسەر بكەن، حكوومەتیش ئەو پڕۆژەیاسایانەی ڕەهەندی داراییان هەیە، خۆیان بۆ پەرلەمان ڕەوانەیان دەكەن و لیژنەكان كاریان لەسەر دەكەن".
ئەو پەرلەمانتارە هەروەها دەشڵێت: "ئامادەیی خۆمان كردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ دەستبەكاربوونی حكوومەتدا بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ و بێ جیاوازی و بە یەك چاو چاودێریی حكوومەت بكەین و هەر لیژنەیەكیش بەرپرسە بەرامبەر وەزارەتێك و دەتوانن بەپێی بڕگەكانی نێو پەیڕەوی ناوخۆ كاری خۆیان بكەن".
رۆژی سێشەممە 11-6-2019 پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی 87 پەرلەمانتار لە كۆی 97 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، مەسروور بارزانی وەك سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ناوزەد كرد.
نەشوان بەرزنجی




