سه‌رۆك ماكرۆن پیرۆزبایى له سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ده‌كات

ھەولێر-KDP.info- له نامه‌یه‌كدا بۆ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا پیرۆزبایی له به‌ڕێزیان كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له كار و ئه‌ركی نوێیدا، پشتگیریی فه‌ڕه‌نسایشى بۆ به‌ڕێزیان و هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه.
له نامه‌كه‌یدا بۆ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك ماكرۆن نووسیویه‌تى:
ڕێزدار جەنابی سەرۆك،
دەمەوێت گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز بكەم بە بۆنەی هەڵبژاردنتانه‌وه بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێراق و هیوای سەركەوتنی تەواوتان بۆ دەخوازم لە بەجێگەیاندنی ئەم بەرپرسیارییەتییە گەورەیەدا.
دەستبەكاربوونتان قوناغێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ هەموو عێراق كە لە سەروبەندی سەقامگیركردن و ئاشتەواییی كومەڵایەتیدان. دڵنیام ئەزموونی بەڕێزتان لە بەرپرسیاریه‌تییه‌كاندا و هەستی بەڕێزتان بۆ دەوڵەتمەداری، یارمەتیدەر دەبن بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەركە نوێیەتان كە فەڕەنسا پشتگیریی تەواوی لێ دەكات.
فەڕەنسا و كوردستانی عێراق لە ڕێگای پەیوەندیی مێژوویییه‌وه به‌یه‌كه‌وه گرێدراون و جەنگی هاوبەشی دژی داعش ئەم پەیوەندییانەی پتەوتر كرد. دەمەوێت بەتایبەتی سوپاسگوزاریی خۆم بە ئێوە ڕابگەیه‌نم بۆ ئەو هەموو قوربانیانەی لەلایەن پێشمەرگەوە بەخشراون، هەروەها بۆ ئەو هەوڵە بێ وێنەیەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ پێشوازیكردن لەو ئاوارانەی لە دەستی بەربەرییەتی جیهادییەكان ڕایان كرد. ئێوە ئاگاداری پابه‌ندیى ئێمەن سەبارەت بە ئاواتی كورد لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوو، فیدڕال و دیموكراتدا. بە ناوی ئەم پەیوەندییە تایبەتەوە بوو كە فەڕەنسا بەشداری كرد لە هاندانی چارەسەركردنی ئەو قەیرانەی دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دروست بوون. ئەمڕۆ، ئێمە خۆشحاڵین بە قوڵبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، هەروەها ئەو ڕێككەوتنانەی لە سایەی ئەم دینامیكییتەوە كراون لە بەرژه‌وەندیی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندنی هەموو عێراقدا.
سه‌رۆك ماكرۆن له كۆتاییى نامه‌كه‌یدا بۆ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى نووسیویه‌تى:
هیواخوازم بتوانین پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەكانی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا بدەین، بەتایبەتیش لەو بوارانەی كە خەڵك لە یەكتری نزیك دەكەنەوە: لە بوارەكانی ئابووری، كولتووری، پەروەردەیی. ئێوە لەم چوارچێوەیەدا ده‌توانن پشت بە دەسەڵاتدارانی فەڕەنسی ببەستن.
تكا لە ئێوە دەكەم جەنابی سەرۆك كە بڕوا بە ستایشی بێپایانم بكەن.
ئه‌م نامه‌یه‌ى سه‌رۆك ماكرۆن بۆ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 13/6/2019 له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌لایه‌ن به‌ڕێز دۆمینیك ماس، كونسولى گشتیى فه‌ڕه‌نساوه له هه‌رێمى كوردستان، گه‌یه‌نرایه به‌ڕێزیان.




