ناسح غەفوور: بەھۆی سەرۆک بارزانییەوە ھەرێمی کوردستان لە دەستێکی ئەمیندایە
__2019_06_11_h15m59s27__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێ، لە کاتی سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا ھەموو لایەک ددانیان بەوەدا نا کە سەرۆک بارزانی مەرجەعی کوردانە و، نەک تەنیا لایەنگرانی، بەڵکو یار و نەیارانی، سەرۆک بە مەرجەعی کورد دەزانن.
ناسح غەفوور، سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆڵ و کاریگەریی بارزانی پەیوەست نییە بەوەی لە چ پۆستێکدایە. خەباتی سەرۆک بارزانی لە شۆڕش ئەیلوولەوە بۆ ماوەی ٥٧ ساڵ، گەواھییەکی گرنگە کە ھەموو ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ ڕزگاریی گەلی کورد، چونکە ئەوکات کوردستان، یان نەمان بوو، جگە لەوەش، کوڕی بارزانی نەمرە و لە دوای ئەو، ئەم ڕێبازەکەی گرتووەتە بەر، نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکو لە عێراق و لە جیھانیش پێگەیەکی بەھێزی ھەیە."
ناسح غەفوور گوتی: "سەرۆک بارزانی لە هەموو ئەو ئەرکە پیرۆزانەی لەسەر شانی بووە سەرکەوتوو بووە، لە کاتی بەرەی کوردستان و ڕاپەڕیندا دەورێکی باڵای ھەبووە و دواتریش یەکەم کەس بوو داوای ھەڵبژاردنی کرد."
غەفوور باسی لەوەش کرد: "ئەوانەی دوێنێ قسەیان کرد ددانیان بەوەدا نا کە سەرۆک بارزانی مەرجەعی کوردە. ئەوانەی کەیفیان بە سەرۆک بارزانیش نەدەھات ددانیان بەوەدا ناوە کە سەرۆک مەرجەعە، بۆیە یار و نەیار سەرۆک بە مەرجەعی کوردان دەزانن، ئەمەش کاردانەوەیەکی گەورەی لە میدیا جیھانییەکاندا ھەبوو، بۆیە بەھۆی سەرۆک بارزانییەوە ھەرێمی کوردستان لە دەستێکی ئەمیندایە، چونکە سەدان ساڵە خەبات بۆ کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی کورد بگاتە ئاواتی خۆی."
غەفوور گوتیشی: "ئەو دەستکەوتانەی بەدەست ھاتوون لەژێر ڕێنماییی سەرۆک بارزانیدا بەردەوام دەبن تاوەکو دەگەنە ئامانج، چونکە ئاواتی سەرۆک بارزانی ئەوەیە ھەرێمی کوردستان سەربەخۆ بێت و قەتیش دەستبەرداری نابێت تا دەگاتە ئاواتی خۆی."
بڵند ئیبراھیم




