پەرلەمان كۆدەبێتەوە و مەسروور بارزانی بۆ پێكهێنانی حكوومەت رادەسپێردرێت

هەولێر-KDP.info- كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 11-6-2019، كۆبوونەوەی ئاسایی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە دەچێت، كە تێیدا فراكسیۆنی پارتی بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەش دەكات.
پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان بەپێی بڕگە 3 لە ماددەی 56ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەمواركراو كۆدەبێتەوە، كۆبوونەوەكەش تایبەت دەبێت بە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران كە بەڕێز (مەسروور بارزانی)ـیە.
هەورامی راشیگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێی فراكسیۆنەكەیەوە ناوی مەسروور بارزانی دەداتە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، دوای ئەوەی كە بەڕٍێز (نێچیرڤان بارزانی) داوای لێ دەكات لە ماوەی 30 رۆژدا حكوومەت پێكبهێنێت، بۆیە ماوەی 30 رۆژ دەرفەت لە بەردەم بەڕێز (مەسروور بارزانی)ـدا دەبێت بۆ ئەوەی حكوومەت پێكبهێنێت، بە بڕوای ئێمەش كەمتر لەو ماوەیە دەخایەنێت و حكوومەت پێكدێت.
هەڵكەوت محەمەد




