٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"سەرۆکایەتیی ھەرێم ڕۆڵی بەرچاوی دەبێ لە بەرەوپێشبردنی ھەرێمی کوردستان"

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- دەزگای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا توانی ڕۆڵی گەورە تۆمار بکات لە بەرەوپێشبردنی ھەرێمی کوردستان لە زۆربەی بوارەکاندا و چاودێران و شارەزایانیش کاراکردنەوەی دەزگای سەرۆکایەتیی ھەرێم و دەستبەکاربوونی نێچیرڤان بارزانی بە ھەنگاوێکی مەزن دەبینن بۆ داھاتووی ھەرێمی کوردستان.

 

شێرزاد زەکەریا، مامۆستای زانکۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەر میللەتێک بیەوێ بەرەو پێشەوە بچێت لەسەر بنەمای دامەزراوەیی ئەوەی پێ دەکرێت. دەزگای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، دەزگایەکی گرینگە بۆ نوێنەرایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتییش، بەتایبەتی لای خەڵکی بیانی. ئەم جارە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەنێو پەرلەماندا ھەڵبژێردرا، ئەوەش مانای ئەوەیە ئەو گلەییانەی لەسەر شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە لایەن ھەندێ لایەنی سیاسییەوە ھەبوون، ئەوانەش ڕەوێندرانەوە، پەرلەمان نوێنەرایەتیی گەل دەکات و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە لایەن پەرلەمانەوە شەرعیەت بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەدات بۆ ئەوەی نوێنەری ڕاستەقینەی ھەموو ھەرێمی کوردستان، بە ھەموو لایەنەکانەوە بکات."

 

شێرزاد زەکەریا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەبوونی سەرۆکی ھەرێم بە واتای یەک بڕیار و یەک سەرۆکایەتییە لە ھەرێمی کوردستان و، سەرۆکی ھەرێم دەربڕی ھەموو گەلی کوردستانە. ئێمە ئومێدمان بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەیە کە ڕۆڵی سەرکردایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان ببینێت، خەڵکی بیانی تەماشای پڕۆسەی سیاسیی کوردستان دەکەن کە بە چ ئاقارێکدا دەرباز دەبێت، چونکە لە ھەندێ وڵات تەنیا ڕێژەیەکی زۆر کەم بەشداری لە پڕۆسەی ھەڵبژاردندا دەکەن، کەچی پڕۆسەیەکی سیاسیی نۆڕماڵ بەڕێوە دەچێت، جیھان بەگشتی و ھاوپەیمانانی ئێمە بەتایبەت چاوەڕێی ئەوەمان لێ دەکەن، پڕۆسەیەکی سیاسیی دروست بەڕێوە بچێت."

 

ئازاد ئەبووبەکر، شارەزای یاسایی، دەربارەی گرینگیی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "سەرۆکایەتیی ھەرێم بەپێی یاسا دیاری کراوە، ئەو دەزگایە نوێنەرایەتیی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکات و مامەڵەکردنی دەوروبەر و نێودەوڵەتی لەگەل سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانە. کەسایەتیی وەک نێچیرڤان بارزانی لەو پۆستەدا بێگومان ڕۆڵێکی ئەرێنی و گەورە دەبینێ و لەسەر ئاستی جیھان کەسایەتییەکی ناسراوە، ھیچ کەسێک نییە لە نێوخۆ و دەرەوە بڵێ نێچیرڤان بارزانی شایستەی ئەو پۆستە نییە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کەسێکی سەرکەوتووە لە کارەکانیدا، لە ڕووی کارگێڕییەوە ئەزموونێکی گەورەی نیشان داوە، ھەروەھا لە ڕووی ئاوەدانی و ئاشتەوایییەوە ئەزموونی بەرچاوی تۆمار کردووە."

 

ئازاد ئەبووبەکر گوتی: "ئەگەر دەزگای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان نەبێت، ھەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێ لە ڕووی دیپلۆماسییەوە پێشوازی لەو ھەموو گەورەشاندانەی بیانی بکات. ھەموومان بینیمان لە ساڵانی ڕابردوو چەند کەسایەتیی جیھانی و شاندی باڵا لەسەر ئاستە جیاوازەکان سەردانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانیان کرد و لە لایەن سەرۆک بارزانییەوە پێشوازییان لێ کرا. کاراکردنەوە دەزگای سەرۆکایەتیی ھەرێم یەکێکە لە سەرکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستان."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار