٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دڵشاد شەهاب: نێچیرڤان بارزانی هەمیشە كۆكەرەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان بووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دەڵێ، نێچیرڤان بارزانی دەبێتە چەترێک بۆ سەرجەم بیروبۆچوون و پێکهاتە جیاوازەکان، کە لە رابردوویشیدا ئەوە رەنگیداوەتەوە.

دڵشاد شەهاب لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، کە سوێندخوارنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دەست پێدەکات، هاوکات یەكەم پەیامیشی ئەوە بووە، كە سەرۆكایەتیی هەرێم چەترێك دەبێت بۆ كۆكەرەوەی سەرجەم رەنگ و بیروبۆچوونە جیاوازەكان بە پێكهاتە و نەتەوە و ئایینەكانییشەوە بە بێ جیاوازی، هیوایشی خواست وەك چۆن پارتی بەو رۆحییەوەتەوە مامەڵە دەكات، سەرجەم لایەنەكانیش بەو شێوەیە بڕواننە ئەو دامەزراوە نیشتیمانییە گەورەیە.

ئەندامەكەی سەركردایەتیی پارتی، جەختیشی لەوە كردەوە، كە نێچیرڤان بارزانی هەمیشە كۆكەرەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان بووە، چ پێكهاتە جیاوازەكان، چ بۆچوونی جیاوازی سیاسیی لای ئەو جێیان بووەتەوە، هەر بۆیەشە گەشبینە بەوەی چوار ساڵی داهاتووی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم، گۆڕانكاری نوێ و كاری نوێ دەكرێت، بەو پێیەی لە رابردوودا رۆڵی كارای لە پەیوەندییە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكاندا هەبووە.

دڵشاد شەهاب روونیشی كردەوە، كە كەسایەتی و لایەنەكان چ لە سەر ئاستی ناوخۆیی، عێراق، باڵیۆزخانەكان، دیپلۆماتكارە بیانییەكان و نوێنەرانی وڵاتانی جیاواز بانگهێشت كراون، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بە شێوەیەكی گشتی كەسایەتییەكی زۆر ئامادەی پڕۆسەكە بن.

 

هۆزان سەمەد_خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار