مەسروور بارزانی و وەزیری دەرەوەی توركیا پەرەپێدانی پەیوەندییەكان تاوتوێ دەكەن

هەولێر-KDP.info- لە دیدارێكی نێوان مەسروور بارزانی و مەولوود چاوشئۆغلۆدا، جەخت لە پاراستنی بەرژەوەندیی ھاوبەش و سەقامگیری و ئاسایش و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان گەلانی ناوچەكە كرایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٠-٦-٢٠١٩ مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندی یاوەری كرد.
لەم دیدارەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە و دواپەرەسەندنەكانی ناوچەكە تاوتوێ كران و جەخت لە پاراستنی بەرژەوەندیی ھاوبەش وسەقامگیری و ئاسایش و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان گەلانی ناوچەكە كرایەوە.
وەزیری دەرەوەی توركیا، وێڕای بەئاوات خواستنی سەركەوتن بۆ مەسروور بارزانی لە سەرۆكایەتیكردنی كابینەی داھاتووی حكوومەتێ ھەرێمی كوردستاندا، فراوانكردنی ئاسۆی ھاریكاری و پەرەپێدانی پەیوەندیی دووقۆڵی لە نێوان هەردوولا لە گشت بوارەكاندا بە پێویست زانی.
لە بەرامبەردا، مەسروور بارزانی، وێڕای ئاماژەدان بە گرینگیی بوونی بەرژەوەندیی ھاوبەش لە نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا، خواستی ھەرێمی كوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا دەربڕی.





