"ئەو جووتیارانەی دەغڵودانیان سووتاوە، قەرەبوو دەكرێنەوە"

هەولێر -KDP.info- حكوومەتی عێراق لیژنەیەكی بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو جووتیارانە پێك ھێناوە، كە دەغڵودانیان سووتاوە. ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانیش دەڵێ، ھیچ ئامارێكی فەرمی نییە لەسەر ئەو زەوییانەی سووتاون و بڕیارە لە ڕێگەی لیژنەی پسپۆڕەوە قەبارەی زیانەكان دیاری بكرێت.
محەمەد ئەمین فارس، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە بەر لە جەژنی ڕەمەزان داوامان لە وەزیری كشتوكاڵی حكوومەتی عێراق و جێگری سەرۆكی پەرلەمان كردووە، ئەو جووتیارانەی ئەمساڵ دەغڵەكانیان سووتاوە، قەرەبوو بكرێنەوە، ھەر ئەو ڕۆژە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوە چوو، لیژنەیەك بە سەرۆكایەتیی وەزیری كشتوكاڵ و ژمارەیەك لایەنی پەیوەندیدار بە مەبەستی قەرەبووكردنەوەی جووتیاران پێك ھاتووە".
لەبارەی ئاماری سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران، ئەندامەكەی لیژنەی كشتوكاڵ دەڵێت: "بەپێی ئاماری بەرگریی شارستانیی عێراق، زیاتر لە چوارسەد ھەزار دۆنم دەغڵودان سووتاوە، بەڵام وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت، تا ئێستا نزیكەی ٢٥ ھەزار دۆنم سووتاوە، لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ ئامارێكی فەرمی لە عێراق لەبارەی سووتانی دەغڵودانی جووتیارانەوە نییە".
محەمەد ئەمین فارس ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "داوای پێكهێنانی لیژنەیەكمان كردووە، بۆ ئەوەی داتای ڕاست و دروست كۆ بكرێتەوە لەبارەی قەبارەی سووتانی دەغڵودانی جووتیاران، تا بزانین چەند دەغڵ سووتاوە تا ئێستا".
محەمەد فارس ڕوونی كردەوە: "لیژنەی پسپۆڕ بۆ چۆنیەتیی قەرەبووكردنەوەی جووتیاران پێک دەهێنرێن، ئەو لیژنانە نرخێكی گونجاو بۆ ھەر دۆنمێك زەویی بەگەنمچێندراو دیاری دەكەن و ئەوان دەستنیشانی ئەوە دەكەن كە نرخەكەی چەند دەبێت، بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە وەك قەرەبووكردنەوە بۆ جووتیاران خەرج بكرێت".
قائید میرۆ




