ھۆشەنگ محەمەد: ھاوكاریی بۆ ئاوارەكان وەستاوە.. ملیۆنێك و١٠٠ھەزار ئاوارە لە ھەرێم ماون

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی كۆنتڕۆڵكردنی قەیرانەكان لە كوردستان گوتی، گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان راگیراوە و بگرە دووبارە خەڵك دەگەڕێنەوە هەرێم، كە ھۆكارەكەی نەبوونی خزمەتگوزاری و تێكچوونی دۆخی ئەمنییە، بۆیە ھێشتا ملیۆنێك و١٠٠ھەزار ئاوارە لە ھەرێم ھەیە و رێژەی ھاوكاریكردنیشیان زۆر كەم بووە.
ھۆشەنگ محەمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ھەرێمی كوردستان گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان وەستاوە و لە ئێستادا ملیۆنێك و١٠٠ھەزار ئاوارە لە ھەرێمی كوردستان ماون و ھاوكاریی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش بۆ ئاوارەكان وەستاوە، هەروەها حكوومەتی عێراقیش ھاوكارییان ناكات و باس لەوە دەكەن كە بودجەیان لە بەردەستدا نییە، بۆیە دۆخی ئاوارەكان زۆر خراپە".
محەمەد گوتیشی، لە ئێستادا لەجیاتی ئەوەی ئاوارەكان بگەڕێنەوە سەر جێگا و رێگای خۆیان، دووبارە دەگەڕێنەوە ھەرێمی كوردستان، چونكە تاوەكو ئێستا دوو ھەزار كەس گەڕاونەتەوە، ھۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە دۆخی ئەمنی لەو ناوچانەدا باش نییە، هەروەها خزمەتگوزاری نییە و رۆژانە خەڵك دەكوژرێت، بۆیە خەڵكەكە ناتوانێ لەو دۆخەدا بژیت و دووبارە ئاوارە دەبێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




