٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەدالەت عومەر بۆ KDP: هۆكاری دواخستنی سەرژمێریی گشتی لە عێراق ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ساڵی دابێ پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق بەڕێوە بچێت، بەرپرسێكی حكوومەتی ھەرێمیش، دواخستنی پڕۆسەكە لە ساڵانی رابردوودا، بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی كورد دەگەڕێنێتەوە و دەشڵێ، تاكە ھۆكاری دواخستنی سەرژمێری ئەوەیە، بەغدا نایەوێ ددان بەوەدا بنێت رێژەی كورد لەو ناوچانەی دەكەونە سنووری ماددەی ١٤٠، لە نەتەوەكانی دیكە زیاترە.

عەدالەت عومەر، راوێژكاری دەستەی ناوچە كوردستانییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێویستە ھەرێمی كوردستان گوشار بخاتە سەر حكوومەتی فیدڕاڵ بۆ ئەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە شێوەی ھاوبەش بەڕێوە ببرێن، تا ئەو كاتەی چارەسەری گونجاو بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە دەدۆزرێتەوە، ئەویش بەپێی ئەو پلانەی لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری  عێراقدا ھاتووە".

راوێژكاری دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێمی كوردستان دەڵێت: "بڕیار بوو دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان ئەنجام بدرێت و ساڵی ٢٠٠٧ دیاری كرا بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە، كە دواتر دواخرا بۆ ساڵی ٢٠١٧ و ئەوكاتیش دواخرا، چونكە كۆتا سەرژمێری لە عێراق ساڵی ١٩٩٧ بەڕێوە چوو و ئەوكات ھێشتا رژێمی بەعس لە دەستەڵاتدا بوو و پڕۆسەی سەرژمێرییش ھەرێمی كوردستانی نەگرتەوە".

لەبارەی ھۆكاری دواخستنی سەرژمێری لە عێراق، عەدالەت عومەر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "راستییەك ھەیە پەیوەست بە دواخستنی سەرژمێریی گشتی، پێموایە تاكە ھۆكار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە دوای نەمانی رژێم و پڕۆسەی ئازادیی عێراق، ئەو خەڵكەی سەردەمی رژێم دەركرابوون یان راگوێزرابوون، كە رژێم نەما، گەڕانەوە شوێنەكانیان، بەغدا ئەوەی بە بارگرانی زانی، چونكە رێژەی كورد لە ھەموو ئەو ناوچانەدا بەرز بووەوە و دەستەڵاتدارانی عێراقیش نەیانویست سەرژمێری بكەن".

عەدالەت عومەر گوتیشی: "لە كاتێكدا خەڵكی گەڕابوونەوە و ھەموویان خەڵكی رەسەنی ئەو ناوچانە بوون، بەڵام بەغدا ئەوەی پێ قبووڵ نەكرا رێژەی كورد زیاد بێت، من پێموایە ماوەیەكی زۆری دەوێت بۆ چارەسەركردنی ھەموو كێشە ھەڵپەسێردراوەكان، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ھەنگاوی سەرەكی بنرێن و ھاوسەنگی لە ئیدارەدانی ناوچە كوردستانییەكانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق پەیڕەو بكرێت".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار