٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاڵی: ئەوەی یەكێتی كردی ھەڵە بوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دوای بڵاوكردنەوەی دەقی رێككەوتننامەی نێوان پارتی و یەكێتی، ھاووڵاتیان و سیاسییەكانی كوردستان و جیھان زیاتر بۆیان روو بووەوە لەسەر چ بنەمایەك رێككەوتن كراوە، كەسایەتییەكی سیاسیی ھەرێمی كوردستانیش دەڵێ، یەكێتی ھەڵەی كرد بەشداری لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا نەكرد و بڵاوكردنەوەی دەقی رێككەوتنەكەش لە جێی خۆیدایە.

دكتۆر سامان شاڵی، كەسایەتیی سیاسیی كورد، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پارتی و یەكێتی دەتوانن رەوشی ھەرێمی كوردستان بپارێزن، بەڵام ئەوەی یەكێتی كردی لە بایكۆتكردنی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، ھەڵە بوو، چونكە پێویست بوو یەكێتی پابەندی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بێت".

ئەو كەسایەتییە سیاسییە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "یەكێتی بۆچوونی خۆی لەبارەی یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووكەوە داوەتە دەست كۆسرەت رەسووڵ، تا لەگەڵ كاك مەسعوود پێكەوە ئەو پرسە یەكلا بكەنەوە، بەڵام یەكێتی خۆی پابەند نەبوو بەوەی كۆسرەت رەسووڵ كێ پێشنیاز بكات بۆ پارێزگاری كەركووك، لەبەر ئەوەی پێشنیاز كرابوو فەرەیدوون عەبدولقادر بكرێتە پارێزگاری كەركووك و پارتیش رەزامەندیی نیشان دابوو، بەداخەوە یەكێتی قسەی كۆسرەت رەسووڵیان شكاند".

لەبارەی بڵاوكردنەوەی دەقی رێككەوتننامەكەیان لەگەڵ یەكێتی لەلایەن پارتیەوە، شاڵی دەڵێت: "رێككەوتنەكە بۆ ئەوە بڵاو كراوەتەوە تا خەڵكی ھەرێمی كوردستان بزانێت رێككەوتنەكە چی تێدا بووە و بەندەكانی نێو رێككەوتننامەكە چین، ئەمەش بە ھەنگاوێكی زۆر باش دەبینم، تا ھیچ شتێك شاراوە نەبێت و خەڵكی كوردستان ئاگادار بێت لە نێوان ئەو دوو حزبەدا چی دەگوزەرێت، بۆ ئەوەی ھاووڵاتیانی كوردستان لەسەر بنەمای ئەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەكاندا بكەن".

دكتۆر سامان شاڵی روونیشی كردەوە: "زۆر بەداخەوە رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی، رێككەوتنێكی گرینگی جوانە، بەڵام نەھاتە دی و خەڵكی بێئومێد كردووە، ھیوادارم ئەو خەڵكانەی لەنێو یەكێتیدا دەستەڵاتیان ھەیە، كار بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە لەگەڵ پارتی بكەن، تا گەلی كوردستان بە ئاسوودەیی بژین و دژومنانی گەلەكەمان دڵخۆش نەبن بەو ناكۆكیانەی كە ھەن".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار