٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕۆژ نووری شاوەیس: لەپێناو یەکڕیزیی کورد زۆرمان نەرمی نواندووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پارتی لەپێناو یەکڕیزیی کورد زۆری نەرمی نواندووە و دەرگای پارتییش بە ڕووی یەکێتیدا کراوەیە.

د. ڕۆژ نووری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان لەپێناو یەکڕیزیی کورد نەرمییەکی زۆری نواندووە و ئێستاش دەرگای پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کراوەیە."

د. ڕۆژ نووری شاوەیس گوتی: "ئێمە دەرگای پەیوەندییەکانمان دانەخستووە، بەڵام ئەوەی کە ڕاستە پێی دەڵێین ڕاست و ئەوەی ھەڵەشە پێی دەڵێین ھەڵە. یەکێتی ھەڵوێستی وەرگرتووە و پێویستە ئەوان پێداچوونەوە بەو ھەڵوێستەیاندا بکەن."

شاوەیس گوتیشی: "ھەموو جۆرە دەستپێشخەرییەکمان تاقی کردووەتەوە و زۆریشمان نەرمی نواندووە، چونکە چەندین مانگە ھەڵبژاردن کراوە و پارتییش لەو ماوەیەدا پشوودرێژ بووە و ئەوەش لەپێناو یەکڕیزیی کورد بووە."

د. ڕۆژ نووری شاوەیس ڕایشیگەیاند: "ئێستاش لەپێناو یەکڕیزیدا پارتی ددان بە خۆیدا دەگرێت و پشوودرێژ دەبێت و پێویستە ھەموومان بە یەکەوە خزمەتی گەلی کوردستان بکەین."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار