تا كۆتایی ئەم مانگە كورد ھەموو پۆستەكانی لە بەغدا وەردەگرێتەوە

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، كۆمەڵێك پۆست لە حكوومەتی نوێی عێراقدا ئیستحقاقی كوردن، بۆیە داوا كراوە تا كۆتایی ئەم مانگە كاندیدیان بۆ دیاری بكرێت و ھەموو ئەو پۆستانەی پشكی كوردن، وەردەگیرێنەوە.
د. مەیادە نەجاڕ، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "داوا كراوە تا كۆتایی ئەم مانگە ئەو پۆستانەی بە وەكالەت بەرێوە دەچن، ھەموویان كاندیدیان بۆ دیاری بكرێت و پڕ بكرێنەوە، بۆ ئەوەی چیتر ھیچ پۆستێك بە وەكالەت بەڕێوە نەچێت".
نەجاڕ گوتیشی: "داوا لە كورد كراوە ھەر حیزبێك بەپێی ئیستحقاقی خۆی چەند پۆستی لە حكوومەت بەردەكەوێت، كاندیدیان بۆ دیاری بكات و پڕیان بكاتەوە، بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان، كە چەندین پۆستی وەكو سوپاسالار و پۆستی دیكەی لە دەست داون، ھەموویان پڕ دەكاتەوە".
دەشڵێ، ھەر حزبە و چەند كورسیی ھەبێت، بەپێی كورسییەكان پۆست و پشكی خۆی وەردەگرێت.
بڵند ئیبراھیم




