پێکھاتەکان: نێچیرڤان بارزانی دەبێتە بەرگریکاری ھەموو پێکھاتەکان
__2019_05_30_h15m56s46__ER.jpg)
ھەولێر -KDP.info- پێکھاتەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان خزمەتی ھەموو خەڵکی کوردستانی کردووە بەبێ جیاوازی و دەبێتە بەرگریکاری ھەموو پێکھاتەکانیش، ھەربۆیە دەنگیان پێ دا.
نوێنەری مەسیحییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕۆمیۆ ھەکاری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "نێچیرڤان بارزانی ھەر لە سەرەتاوە ڕۆڵێکی پۆزەتیڤی ھەبووە لە پشتگیریکردن لە پێکھاتەکان و ھەمیشە پابەندی جێبەجێکردنی داواکاریی پێکھاتەکان بووە و بەبێ جیاوازی خزمەتی ھەموو پێکھاتەکانی کردووە، بۆیە ئێمەش وەکو ھەموو پێکھاتەکان دەنگمان بە نێچیرڤان بارزانی دا، بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان."
ڕۆمیۆ ھەکاری گوتیشی: "دەزانین بە وەرگرتنی ئەو پۆستە نوێیەش بەبێ جیاوازی خزمەتی ھەموو پێکھاتەکان دەکات، بۆیە پیرۆزباییی لێ دەکەین و ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین."
محەمەد ئیلخانی، نوێنەری تورکمانەکانیش لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "نێچیرڤان بارزانی توانی ھەرێمی کوردستان لە دۆخێکی سەخت ڕزگار بکات و لە کاتی ھاتنی داعشیش دەرگای بۆ ھەموو پێکھاتەکان کردەوە و بەبێ جیاوازی خزمەتی ھەمووانی کرد و ٢٠ ساڵیش ئەزموونی ھەیە، بۆیە دڵنیاین کە لە ئەرکە نوێیەکەیشیدا سەرکەوتن بەدەست دێنێت."
محەمەد ئیلخانی گوتیشی: "نێچیرڤان بارزانی بەبێ جیاوازی دەبێتە نوێنەری ھەموو خەڵکی کوردستان و خزمەتی ھەموو پێکھاتەکانیش دەکات و دەبێتە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان و کوردستان دەباتە قۆناغێکی دیکە، بۆیە دەنگمان پێ دا و بە سەرۆکی ھەرێم ھەڵبژێردرا."
بڵند ئیبراھیم




